رێزان شێخ دلێر: پێویسته‌ هه‌ندێك دۆسیه‌ى هه‌رێم له‌ لووتكه‌ى به‌غدا باس بكرێت کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بڕیاره‌ شه‌ممه‌ى داهاتوو ده‌ست به‌ كاره‌كانى لووتكه‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ بكرێت، رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق ده‌ڵێ، "پێویسته‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ باس له‌ بۆردومانكردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن توركیا بكرێت".

بڕیاره‌ شه‌ممه‌ى داهاتوو لووتكه‌ى به‌غدا بۆ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت، رێزان شێخ دلێر په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ى ئاب له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت به‌ پێویستى زانى باسى هه‌ندێك دۆسیه‌ى تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دیداره‌كه‌ بكرێت.

رێزان شێخ دلێر له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "پێویسته‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و هه‌رێمى كوردستان له‌رێى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق هه‌وڵ بده‌ن، له‌ لووتكه‌كه‌ باس له‌ هه‌ندێك كێشه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێت، له‌وانه‌ تۆپبارانكردنى هه‌میشه‌یى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندان بابه‌تى ترى ئه‌منى هه‌یه‌ كه‌ گرنگه‌ له‌و لووتكه‌یه‌ باس بكرێت".

جگه‌ له‌ لایه‌نى ئه‌منى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ باسى له‌ گرنگى لایه‌نى ئابوورى كرد، به‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ره‌هه‌ندى ئابوورى ته‌وه‌رێكى گرنگى كۆنگره‌كه‌ بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌له‌ ئابوورییه‌كان به‌ هه‌رێمى كوردستانیش بدرێت و وه‌به‌رهێنان بۆ كوردستان رابكێشرێت به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت هه‌رێم بۆ وه‌به‌رهێنان كۆمه‌ڵێك یاساى گرنگى ده‌ركردووه‌ و ئاسایشێكى ته‌واویش له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رقه‌راره‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رۆژى شه‌ممه‌ى داهاتوو 28 ى ئاب له‌ به‌غدا كۆنگره‌ى وڵاتانى دراوسێ به‌ڕێوه‌بچێت و تا ئێستا بانگهێشتنامه‌ بۆ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك و رابه‌رانى ئه‌و وڵاتانه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌: توركیا، ئێران، كوێت، سعوودیه‌، ئوردن، میسر، ئیمارات، قه‌ته‌ڕ، فه‌ڕه‌نسا. به‌ڵام ته‌نیا سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆكى میسر و شاى ئوردن دووپاتیان له‌سه‌ر ئاماده‌بوون كردووه‌ته‌وه‌
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین