هەڵبژاردنی عێراق پەرلەمانتارانی كوردستان دەخاتە بەردەم دوو ئەركی جیاواز ناوخۆیی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

پەرلەمانتارانی كوردستان وێرای ئەوەی دووپات لەسەر ئەركی چاودێریی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەنەوە، باس لەوەیش دەكەن ناتوانن نكۆڵی لە ئینتیمای حزبی خۆیان بكەن و لە كەمپینەكانى بانگەشەی هەڵبژاردن بەشدار نەبن.

بڕیارە  لە ١٠/١٠/ ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بکرێت لەو کاتەدا رۆڵی پەرلەمانتارانی کوردستان چی دەبێت؟ ئایا چۆن هاوسەنگی لەنێوان ئینتیمای حیزبی و رۆڵی چاودێریکردن رادەگرن. پەرلەمانتاران بۆ نوچەنێت باس لەوە دەکەن وێرای ئەوەی هەوڵ دەدەن چاودێریی هەڵبژاردن بکەن بۆ ئەوەی بە بێگەردی و دروستی بەرێوەبچێت ناشتوانن نکۆڵی لە ئینتیمای حیزبی خۆیان بکەن.

باڵانبۆ محەمەد:
پەرلەمانتارانی كوردستان لە هەڵبژاردنی عێراق ئەركی حزبی و چاودێرییشیان دەبێت

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو لایەنەکان ئامادەکاریی دەکەن، سەبارەت بەوەی رۆڵی پەرلەمانتارانی كوردستان لەو ئامادەكارییانە چی دەبێت، باڵانبۆ محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ نوچەنێت دەڵێت، "دەتوانم بڵێم سەرجەم ئەندامانی یەکێتی چۆن لە رابردوودا لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەشداربوون و کاری حیزبی خۆیان ڕاپەراندووە، دیارە لەم هەڵبژاردنەشدا بە هەمان شێوە پابەند دەبن بە کاری حیزبی خۆیان بەشێوەیەکی هێمنانە و بەشێوەیەکی راستگۆیانە لەناو جەماوەر راستییەکان بۆ خەڵک رووندەکەنەوە"

رێبوار بابكەیی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ نوچەنێت گوتی، "لە راستی ئەستەمە من لە جێی هەموو پەرلەمانتاران وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خۆی جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەو پێیەی کە هێزە کوردییەکانیش بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و لەو رووەوە بابەتەکە پەیوەندی هەیە بە پەرلەمانی کوردستان و هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان، من بەش بە حاڵی خۆم پەرلەمانتار لە هەموو وڵاتێک نەک هەر لە کوردستان بەڵکو لە هەموو وڵاتێک چەند ئەرکێکی هەیە ئەرکێکی سیاسی کە رۆلی نمایشی سیاسەت و بەرنامەی حیزبەکەی خۆی دەکات، لێرەیان ناچارە ئەو پەرلەمانتارە بەرگریی لە سیاسەتی حیزبەکەی بکات و هەوڵ بدات کە حیزبەکەی لە هەڵبژاردنەکە زۆرترین دەنگ بهێنێت و ئەوە ئەرکێکی حیزبیە" .

هەروەها سەبارەت بە ئەرکی دامەزراوەیش ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت، "هەروەها ئەرکێکی دامەزراوەی هەیە کە تێیدا پەرلەمانتار دەبێ رۆڵی چاودێرییکردن ببینێت کە ئاگاداری ئەوە بێت تەزویر نەکرێت کە لەگەڵ رێكخراوە ناحكومییەكان دەتوانێ رۆڵی چاودێر ببینێ".

ئەندامەكەی فراکسیۆنی یەکێتی لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ "نوچەنێت" پێیوابوو، ئەرکی پەرلەمانتاران نییە چاودێری سەر سندووقەکان بن، بەڵام دەبێت ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەیش بن، باڵانبۆ محەمەد گوتی، "رۆڵی پەرلەمانتاران وەکو چاودێری سەر سندووق ئەوە ئەرکی ئەوان نییە بەڵام ئەگەرهاتوو نەک پەرلەمانتاران هەرکەسێک ناعەدالەتیەک لە دەنگدانە ببینێ، لە تەزویرکردن لە کێشە دروستکردن، ئەوە دەتوانێ تانەی لێبدات، وەک گوتیشم پەرلەمانتاران لە کاتی دەنگدانەکان هەر یەکێکن لەو خەڵکەی کە مافی دەنگدانیان هەیە"

پێدەچێت رێژەی بەشدار بوون لەدەنگدان کەم بێت، ئایا ئەمە چەند كاریگەری دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە؟ باڵانبۆ محەمەد لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت، "رێژەی بەشداربوون کەم نابێت دەتوانم بڵێم ئەوە ریکلامن بڵاو دەبنەوە چونکە رابردووش سەلمێنەری ئەو جۆرە قسانە تەنها بۆ ئەوەیە خەڵک سارد بکەنەوە کە بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان"

رێبوار بابكەیی:
هیچ یاساییەك نییە رێگر بێت 
لەوەی پەرلەمانتاری كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبەكەی بەشدار بێت

 

لەكۆتایی قسەكانی باڵانبۆ محەمەد پەرلەمانتاری یەكێتی باسی لەوە كرد، دەبووایە كورد لە ناوچە كێشە لەسەرەكان هاوپەیمانی هەبووایە، ئەو گوتی، "بەداخەوە دەبوو کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان هەوڵی ئەوەمان دابووایە کە بە هەموومانەوە هاوپەیمانییەكمان هەبووایە، دەتوانم بڵێم هەموو حیزبەکان بەشێوەیەک نەیانتوانیوە ئەم یەک رەنگی و یەک دەنگیە دروست بکەن".

لەدوا قسەیشی بۆ نوچەنێت د. رێبوار بابكەیی دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە، هەر پەرلەمانتارێك لە كوردستان دەتوانێ‌ لە كەمپینی هەڵبژاردنی حزبەكەی بەشدار بێت و هاوكات چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنیش بكات بێ ئەوەی یاسا رێگر بێت. رێبوار بابكەیی گوتی، "پەرلەمانتار دەتوانێ بەشدار بێت لە کەمپینی هەڵبژاردنەکان بۆ  حیزبەکەی، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ حیزبەکەی، کەواتە هەردوو ئەرکەکە ئەرکێکی رەوایە هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی نییە بۆ ئەوەی کە پەرلەمانتار لە هەلومەرجی هەڵبژاردندا بەو دوو ئەرکە هەڵبستێ کەواتە ئەوە دەمێنێتەوە سەر روانگەی پەرلەمانتارەکە ئایا تەنیا ئەرکە حیزبیەکەی بگرێتەبەر و بەشێک بێت لە کەمپینی حیزبەکەی بۆ ئەوەی دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردن، یان پەرلەمانتارێک بێت دوور لە سیاسەتی حیزبەکەی وەکو نوێنەری خەڵک یان وەکو رۆڵی ngo ببینێ یان وەکو رۆڵی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی ببینێ بۆ چاودێریكردنی هەڵبژاردنەکان".

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین