هه‌رێمی كوردستان به‌ نیازه‌ له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵییدا، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، هه‌نگاو بنێت ناوخۆیی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵ، بڕیاری سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و له‌ وه‌به‌رهێنان له‌ بنه‌تۆو و شه‌تڵ، نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پرۆژه‌ یاسایه‌كی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌، په‌رله‌مانیش به‌ نیازه‌ به‌ ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ كه‌سانی شاره‌زای بواره‌كه‌، پرۆژه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات و هه‌نگاوه‌كانی په‌سه‌ندكردنی ده‌ست پێبكات.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی دووی ئابی (2021) لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك كۆبوونه‌وه‌، یه‌كێك له‌و پرسانه‌ بریتی بوو له‌ پرۆژه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ بنه‌تۆو و شه‌تڵه‌‌ كشتوكاڵییه‌كان، لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌یان له‌و باره‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌ و به‌و بڕیاره‌ گه‌یشتوون، كه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌ یاساكه‌، بانگهێشتی كه‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕ بكرێت و سوود له‌ ئه‌زموونییان وه‌ربگیردرێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، پرۆژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئاراسته‌ی په‌رله‌مان كراوه‌، چونكه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ پێیوایه‌، له‌ به‌رهه‌مهێنانیی بنه‌تۆو و شه‌تڵه‌‌ كشتوكاڵییه‌كاندا، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراقیی، هه‌ندێك كۆتوبه‌ندی به‌سه‌ردا سه‌پاندوون، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت بڕیار له‌ باره‌ی په‌سه‌ندكردن و به‌رهه‌مهێنانی هیچ بنه‌تۆو و شه‌تڵێكه‌وه‌‌ بدات، به‌گوێره‌ی ئه‌و كۆتوبه‌ندانه‌‌ هه‌ر بنه‌تۆوێك و هه‌ر شه‌تڵێكی كشتوكاڵی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م بهێنرێت، پێویسته‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق، توێژینه‌وه‌ی له‌ باره‌وه‌ ئه‌نجام بدات و دواتر بڕیار له‌ باره‌یه‌وه‌ بدات، به‌بێ ئه‌و ڕێوشوێنه‌، ناتوانرێت به‌ فه‌رمی به‌رهه‌م بهێنرێن، بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت، له‌ ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند بكرێت، خۆی ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ بگرێته‌به‌ر و خۆی بڕیار له‌ باره‌ی به‌رهه‌مهێنانییانه‌وه‌‌ بدات و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداد.

پەرلەمانتارێك:
حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵی بەرنامەی تۆكمەیان بۆ كشتوكاڵ نییە 

 له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، شوان كه‌ریم جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە په‌رله‌مانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای باسكردن له‌ هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌یان له‌ باره‌ی ئه‌و پرۆژه‌ یاساوه‌، باسی له‌ هه‌ندێك گیروگرفتی تریش كرد، كه‌ له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵییدا، له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندیی عێراقدا هه‌ن، وه‌ك نه‌بوونی پلانێكی دوو لایه‌نه‌، بۆ هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران، تا كارگه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان دابمه‌زرێنن، شوان گوتی، "ئێستا چ حکومەتی هەرێمی کوردستان و چ حكومه‌تی ناوه‌ندییش، به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌یان نییه‌، له‌و بوارانه‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ردوولا كاری جددی بۆ بكه‌ن و هانی وه‌به‌رهێنه‌ران بده‌ن، تا كارگه‌ی شله‌مه‌نی و له‌ قوتوونان و ساردخانه‌كان دروست بكرێن و به‌رهه‌مه‌كان بپارێزرێن".

شوان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌سه‌ر ئاستی وه‌زاره‌تی پلاندانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆردێك هه‌یه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و پلان و كارانه‌ ده‌كات، به‌ پێویستیشی زانی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌و بۆرده‌ و وه‌به‌رهێنه‌راندا هه‌بێت، تا پلان و به‌رنامه‌یه‌كی باش بۆ بواری وه‌ربه‌هێنان له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵییدا بكرێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نوچه‌نێت، له‌ كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ویستێكی به‌هێز هه‌بوو، بۆ ڕێكخستن و چاكسازی له‌ سێكته‌ری كشتوكاڵدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌وڵدرا، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كار له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسایه‌ك بكرێت، كه‌ ئه‌و سێكته‌ره‌ ڕێكبخاته‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان و دابه‌شكاری ناوچه‌كان، له‌ به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی بكرێت، بۆ ئه‌مه‌یش ژینگه‌ و كه‌شوهه‌وا و هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ناوچه‌كان له‌ به‌رچاو بگیردرێت و كۆمپانیایه‌كی نیشتیمانی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دابمه‌زرێت، به‌ڵام نه‌توانرا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ببێت به‌ یاسا و كاری له‌سه‌ر بكرێت، له‌و باره‌وه‌ عه‌باس غه‌زالی، ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانیش بوو، له‌ لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ لیژنه‌كه‌یان له‌ خولی پێشووی په‌رله‌ماندا، پرۆژه‌ی بۆ بواره‌كانی كشتوكاڵ و ئاو هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واوبوونی خولی پێشووی په‌رله‌مانه‌وه‌، نه‌تواندرا ده‌نگییان له‌سه‌ر بدرێت و ببن به‌ یاسا، وه‌ك ئه‌و گوتی، "هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش نه‌بێت به‌ یاسا، واته‌ له‌ جێی خۆی وه‌ستاوه‌، هەرخولێک تەواو بوو، ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ نه‌بوون به‌ یاسا، کۆتاییان پێدێت، هه‌ر خولێكیش هات، حکومەت پڕۆژەی پێدەدات و پرۆژه‌كانی پێشوو كۆتاییان دێت".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین