فاينێنیشال تايمز: وزەی جێگرەوە ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسیەوە شیکاری ئابوری

نوچەنێت

بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک بە هۆی بڕینی دارەکان و بەکاربردنیان لە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، بووە هۆی دەڕبڕینی ناڕەزایی لە لایان 500 زانای ئەورووپی بۆ راگرتنی بڕینی دارەکان و سوتاندینان، چونکە بەردەوامی ئەو پرۆسەیە کارەساتی مرۆی دەخوڵقێنێت و ئاسایشی خۆراک دەخاتە مەترسیەوە

ماڵپەڕو ناوەندی فاينێنیشال تايمز، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە و زیانەکانی لەسەر ئاسایشی خۆراکدا بڵاو کردۆتەوەوە و تیایدا هاتووە “ زیادبوونی خواست بۆ وزەی جێگرەوە و  بڕینی دارەکان و بەکارهێنانیان لە بەرهەمهێنانی ئەو  وزەیەدا ، دەبێتە هۆی زیانێکی بەرچاو بۆ ئاسایشی خۆراک و دروستبوونی ڕکابەری  لە سەر بەرهەمهێنانی خۆراک و هاوکات کەمبوونەوەی جۆر و چەندێیەتی بەرهەمە ڕووەکی و گیاندارییەکان”.

لە راپۆرتەکەی فاينێنیشال تايمزدا، سەرۆکی پێشووی  گۆرانی کەش و هەوای بەریتانیا، ئەدیر تێرنیر، ‌ هۆشداری دەداتە جیهان و دەڵیت" زیادبوونی دیاریدەی بڕینی دارەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕکابەری لەبەرهەمهێنانی خۆراکدا".

ئەم ‌هۆشدارییەی بەرپرسە بەریتانیەکە لە کاتێکدان، یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، لە پلانیاندایە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت وگاز دوور بکەونەوە و لەبەرامبەردا ڕوو لە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە بکەن، و سیاسەتی سفر کارۆنی تا کۆتاییەکانی 2050 پێڕەو بکەن، بەڵام ئەو سیاسەتە وێرای ئەوەی لە لایەن چەندین ناوەند و  پێگەی توێژینەوەی جیهانییەوە  روانگەو دیادگای جودا لە خۆ دەگرێت، بەڵام دواین توێژینەوەکانی 500  زانایانی ئەورووپا، دەرخەری ئەو ئەنجامەن کە وزەی جێگرەوە دەبێتە هۆی مەترسیەکی ئێکجار زۆر بۆ ئاسایشی خۆراک و لە بەرامبەردا نرخی ماددە خۆراکییەکان بەرز دەبنەوە.

Bioenergy بە یەکێک لە جۆرەکانی وزەی جێگرەوە دادەنرێت، لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرەی وزەدا، دار و چەند جۆرێکی رووەک بەکاردەهێنڕین، لە ئێستادا وزەی Bioenergy، ڕێژەی ٪10ــی کۆی وزەی جیهانی پێکدەهێنێت، بەڵام بە گوێرەی دواین هۆشداری لێژنەی گۆرانی وزە (The Energy Transmission Committee (ETC) )، ناتوانرێت ڕێژەی بەکاربردنی وزەی  Bioenergy لەو ئاستە زیاتر بکرێت، چونکە دەبێتە هۆی جێهێشتنی لێکەوتەی نێگەتیڤ لەسەر بەرهەمهێنان  خۆراکی جیهانی و  لەناوچوونی چەندان جۆری ڕووەک لە سەر ئاستی جیهاندا.

لێژنەی گۆرانی وزە (ETC)، هاوپەیمانیەکی هاوبەشە لە نێوان چەندین کۆمپانیا و  ناوەندی جیهانی، لەوانە (BP, Royal Dutch Shell, HSBC, Bank of America , the State Council of China, the European Bank for Reconstruction ,  Development, ACWA Power) و لە لایان وڵاتی بەریتانیا سەرکردایەتی دەکرێت.

ئاژانسی وزەی جیهانی لە راپۆرتێکدا پێشبینی دەکات تا ساڵی 2050 خواستی جیهانی بۆ وزەی Bioenergy،  لە ٪10 بۆ ٪20 بەرزبێتەوە، ئەمەیش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پلەکانی گەرمای گۆی زەوی و جێگیربوونی لە 105 پلە و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، بەڵام زانایان و شرۆڤەکارانی بواری ژینگە، ئەو رێژەیە بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆراک و جیهان ناوزەندی دەکەن.

هۆشداریەکانی ئەو زانایانە لەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرچەندە ئەو وڵاتانە لەگەڵ برینی دارەکان وبەکاربردنیان لە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە، ئەو جۆرە دارە دەڕوێنن کە زوو مەزن دەبن و بەری زۆرە، بەڵام بەردەوامی ئەو لێبرینە و زیادبوونی خواستی بەردەوام ، نابێتە هۆی پڕکردنەوەی ئەو دارانەی بۆ وزەی جێگرەوە لەناو براون.

لەو باریەوە ئەدیر تێرنیر دەڵێت" ئێمە زۆر وریایانەتر مامەڵە لەگەل پرسی بڕینی ئەو دارانە دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی، چونکە جێگرتنەوەی ئەو جۆرە دار و بەربوومە رووەکانەی بەکاردەبردێن زۆر کەمترە لەو دارانەی بۆ وزەی جێگرەوە بەکاردەهێنرێن".

500 زانای ئەورووپی گۆرینی پیشەسازی نەوت وگاز بۆ سووتانی دار و ڕووەک ڕەتدەکەنەوە

لە کۆتای ڕاپۆرتەکەی  فاينێنیشال تايمزدا هاتووە، لە شوباتی ئەمساڵدا، بەرزبوونەوەی نرخەکانی خۆراک، لە یەکێتی ئەورووپا، بووە هۆی دەربڕینی نارەزایی لە لایان 500 زانای ئەورووپی و داواکردنی راگرتنی پڕۆسەی بڕینی دارو سوتاندنیان.

هاوکات ئەو زانایانە پێیان وایە بەراورد بە ساڵی 2000، خواستی وزەی Bioenergy  بە ئاستی 5 هێندە زیادیکردووە، ئەمەیش هۆکاری سەرەکییە لە هەڵكشانی نرخەکانی خۆراکدا. هەروەها پێشنیار دەکەن بۆ  دوورکەوتنەوە لە وزەی کاربۆن و گەیشتن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی، پشت بە وزەی هایدرۆجینی ببەسترێت نەک سووتانی دارەکان.

جێگەی باسە بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆجینی تێچووی بەرهەمهێنانی چەندان هێندە زیاتر  لە وزەی کاربۆنی و وزەی Bioenergy، بۆیە کارێکی ئاسان نیە بۆ گەیشتن بە سیاسەتی سفر کاربۆنی لە ماوەیەکی نزیکدا. 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین