كازمى وه‌زیره‌كانى له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ سه‌رپشك ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌هۆى تۆمه‌تباركردنیان به‌ به‌كارهێنانى پۆسته‌كانیان له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق وه‌زیره‌كانى سه‌رپشك ده‌كات و داوایان لێ ده‌كات یه‌كێك له‌ دوو بژارده‌ى "كاندیدبوون" و "وه‌زیرى" هه‌ڵبژێرن. شاره‌زاییه‌كیش له‌ بوارى یاسا ده‌ڵێت، "باشتره‌ خۆیان ده‌ست له‌كار بكێشینه‌وه‌، نه‌وه‌ك دوور بخرێنه‌وه‌".

دوێنێ سێشه‌ممه‌ سێى ئاب مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فتانه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى باسى له‌وه‌ كرد، هه‌ندێك له‌و وه‌زیرانه‌ى كه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان كاندید كردووه‌، تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ى پۆست و سامانى گشتى بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌كارده‌هێنن، بۆیه‌ داواى لێكردن سه‌رپشك بن له‌وه‌ى یه‌كێك له‌م دوو بژارده‌یه‌ هه‌ڵبژێرن، یان كاندید بن، یانیش وه‌زیر.

ئه‌مڕۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى روونكردنه‌وه‌یه‌كى تارق حه‌ربى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ نووسه‌ر و شاره‌زاییه‌كى به‌ناوبانگى عێراقه‌ له‌ بوارى یاسا و ده‌ستووردا، تارق حه‌رب به‌ باشى ده‌زانێ كه‌ وه‌زیره‌كان خۆیان ده‌ستله‌كاركشانه‌وه‌یان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیران بكه‌ن.

ئه‌و روونى كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌ستوور و یاساكانى عێراق جیاوازى له‌نێوان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ "ئیستقاله‌" و لادان و دوورخستنه‌وه‌ "ئیقاله‌" كراوه‌، یه‌كه‌میان ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌ و كه‌سه‌كه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ نابێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌رهاتوو سه‌رۆك وه‌زیران لایان بدات، ئه‌وا ده‌بێته‌ "ئیقاله‌" و جۆرێكه‌ له‌ ده‌ركردن له‌ پۆست، كه‌ له‌م كاته‌یشدا عێراق له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردن دایه‌، ئه‌مه‌ بۆ به‌رپرسه‌كان ئه‌رێنى نییه‌.

بڕیاره‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت و ده‌یان كه‌س له‌ په‌رله‌مانتار و به‌رپرسانى پێشوو و ئێستاى عێراق خۆیان كاندید كردووه‌ته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین