به‌هۆى سووتانى دارستانه‌كان سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌ردۆغان تۆمار ده‌كرێت هەواڵ

نوچه‌نێت

پارتى رزگارى گه‌ل كه‌ پارتێكى ئۆپۆزسیۆنى توركیایه‌، سكاڵا له‌سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا و چه‌ندان وه‌زیر و پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تۆمار ده‌كات و به‌ كه‌مته‌رخه‌مى و شكستهێنان له‌ پاراستنى دارستانه‌كان تۆمه‌تباریان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ سێى ئاب رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت راپۆرتێكى له‌سه‌ر سووتانى دارستانه‌كانى توركیا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌شێكدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ پارتى رزگارى گه‌ل كه‌ پارتێكى چه‌پڕه‌وى ئۆپۆزسیۆنى توركیایه‌، سكاڵاى له‌سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و وه‌زیرانى ناوخۆ و كشتوكاڵ و چه‌ندان پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تۆمار ده‌كات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ كۆنتڕۆڵكردنى سووتانى دارستانه‌كان شكستیان هێناوه‌.

رۆژنامه‌ى ئه‌حوالی توركی هه‌مان زانیارى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ئه‌و حزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك قۆناغ له‌ توركیا به‌ "تیرۆر" تۆمه‌تبار كراوه‌، پارێزه‌ره‌كانى ده‌ستیان به‌ رێكاریى یاسایى كردووه‌ و داواكانیان تۆمار ده‌كه‌ن.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت نووسیویه‌تى، ئه‌ردۆغان رووبه‌ڕووى چه‌ندان ره‌خنه‌ ده‌بێته‌وه‌، له‌وانه‌ كه‌مال كلیچدارئۆغڵو سه‌رۆكى پارتى گه‌لى كۆمارى "جه‌هه‌په‌" كه‌ گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیایه‌، ئاشكراى كردووه‌ ئه‌و كاته‌ى ئاكپارتى له‌ساڵى 2002 ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ ده‌ست توركیا 19 فڕۆكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌ى هه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر هیچیان دیار نه‌ماون. كلیچدارئۆغڵو ده‌ڵێ، "19 ساڵه‌ ساڵه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتن ئه‌گه‌ر هه‌ر ساڵێك فڕۆكه‌یه‌كیان بكڕیبووایه‌ ئه‌وا ئێستا 19 فڕۆكه‌ى ئاگركوژێنه‌وه‌مان ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌ردۆغان 13 فڕۆكه‌ى تایبه‌تى له‌و ماوه‌یه‌ كڕیوه‌".

به‌گوێره‌ى ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانى توركیا، له‌ كۆى 132 ناوچه‌ى گڕگرتوو، 125 یان كۆنتڕۆڵ كراون، تا ئێستا هه‌شت كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و زیاتر له‌ 800 كه‌سیش سووتاون و چاره‌سه‌ریان وه‌رگرتووه‌ و 10 هه‌زار كه‌سیش له‌ زێدى خۆیان دوورخراونه‌ته‌وه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین