لێژنه‌ى مافى مرۆڤی پەرلەمان: ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ گرتووخانه‌كانى هه‌رێم هه‌یه‌ کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكى له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ نوچه‌نێت باس له‌ دانانى یاساییه‌ك ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان و ده‌شڵێ، "ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ گرتووخانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ جاران كه‌متره‌".

رۆمیۆ هه‌كارى: یاسایه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان داده‌نێین

 

لێژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و داكۆكى له‌ مافى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان خه‌ریكه‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان ئاماده‌ دەكات، سه‌باره‌ت به‌ پێویستبوونى ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌، دوێنێ شه‌ممه‌ 31ى ته‌مووز رۆمیۆ هه‌كارى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ "نوچه‌نێت" باسى له‌ بوونى ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و گوتى، "مەبەستمان هەموو ئەشکەنجەدانێکە، ئێمە باس لە ئەشکەنجە دەکەین، لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هیچ یاساک نییە تایبەت بە ئەشکەنجەدان، لەبەر ئەوە چەندین جار کۆبوونەوەمان کردووە تەنانەت چەند جارێکیش رێکخراوەکانمان بانگکردووە، جارێک 11 رێکخراومان بانگکردووە جارێکی دیکەش 17 رێکخراو، لەو رێکخراوانەی کە کار لەسەر ئەشکەنجەدان لە هەرێمی کوردستان دەکەن".

رۆمیۆ هه‌كارى


رۆمیۆ هه‌كارى له‌ لێدوانه‌كه‌ى باسى له‌وه‌ كرد لێژنه‌كه‌یان سه‌رقاڵى ئاماده‌كارییە بۆ ئه‌وه‌ى له‌دواى ته‌واوبوونى پشووى په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاسایه‌ك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بدات. رۆمیۆ هه‌كارى گوتى، "ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌، دوای پشووی پەرلەمان، کار لەسەر مەسەلەی ئەشکەنجەدان بکەین، بۆیە ئێمە ئەو هەموو کاروچالاکییەكان له‌ بواره‌دا ده‌كه‌ین، بۆ ئەوەى پڕۆژە یاسایەک گەڵاڵە بکەین و دواتر وەکو لێژنە بیدەینە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر بکرێت".
له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى راشكاوانه‌ رۆمیۆ هه‌كارى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ كوردستان بوونى هه‌یه‌ و به‌ڵام له‌ جاران كه‌متره‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى،  "لە هەرێمی کوردستان پێویستە یاسایەکمان هەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان، بەڵێ ئەشکەنجەدان هەیە لە گرتووخانەکان، لە چاکسازییەکان، لە گرتن و گواستنەوە و لە زۆر شوێن هەیە. راستە بە بەراورد لەگەڵ پێشوو ئێستا وا خەریکە کەم دەبێتەوە بەڵام ئێمەش هەوڵ دەدەین نەمێنێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین