دانانی مەرجێک هەڵگرانی بروانامەی دبلۆمی باڵا نیگەران دەکات کوردستانی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا مەرجی زمانی ئینگلیزی بۆ هەڵگرانی ئەو بڕوانامەیە زیاد دەکرێت، ئەوانیش یاداشتێکی ناڕەزایی بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەدەن، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵایش لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات.

بەپێی بەڵگەیەک کە دەست نوچەنێت کەوتووە ٢٥/تەمووز هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆمی باڵا بۆ ئەمساڵ یاداشتێکیان بۆ  وەزارەتی خوێندنی باڵا داوە، لە بەشێکی یاداشتەکە ئاماژە بەوە کراوە ، بوونی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی بۆ خوێندکارانی دبلۆمی باڵای یەک ساڵە، لەدوادوایی خوێندنەکە قوتابیان ئاگادار کراونەتەوە، کە لە ئێستادا کاتێکی زۆر کەم ماوە بۆ کۆتاهاتنی مۆڵەتی خوێندنی ئەو خوێندکار و قوتابیانەی دبلۆمی باڵا کە ژمارەیەکیان فەرمانبەری حکوومین. بۆیە ئاسانکاریی بکرێت بۆ  پێدانی بڕوانامە پێش کۆتایی هاتنی مۆڵەتی یاسایی، چونکە تووشی کێشەی ئیداری دەبن لە فەرمانگەکانیان.
دوایی ئەوەی نوچەنێت چەند جارێک هەوڵی دا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لێدوان وەرگرێت بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون وەڵام بدەنەوە، بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی قوتابیانی هەڵگرانی دبلۆمی باڵای دا .
موسلیم عەبدوڵا جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆ نوچەنێت گوتی، "پێشتر ئەو مەرجە بۆ خوێندنی ماستەر دانرابوو، بەڵام ئێستا بۆ دبلۆمی باڵا نراوە ئەو رێنماییە نوێیە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەریکردووە، بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بڕوانامەی دبلۆمی باڵا بەدەست بهێنن ئێستا مەرجی زمانی ئینگلیزیان داناوە، بێگومان خوێندنی زمانی ئینگلیزی چەند ئاستێکی هەیە بە پێی توانای ئاستی مامۆستاکە دادەنرێت بۆیە هەرچەندی ئاستی لە خوارەوە بێت کاتی زیاتری پێویست دەبێت بۆ ئەوەی ئەو مامۆستایە خولی زمانی ئینگلیزی تەواو بکات. بەڵام بە تەئکید ئێمە لەگەڵ وەزارەت قسە دەکەین لەو بارەوە بزانین ئەو رێنمایەی بۆ زیاد کراوە" 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کەمی کات لە بەردەست قوتابیان ئەو ئەندام پەرلەمانە دووپاتی کردەوە کە ، "بێگومان ئەوان رێگە چارەیەکیان بۆ ئەو قوتابیانە داناوە کە ئەوانەی ماوەیەکی کەمیان لەبەر دەست دا ماوە بۆیان چارەسەر بکرێت، لانی کەم دەکرێ چارەسەری کێشەی ماوەکانیان بۆ بکرێت بۆ نموونە  ماوەی خولی زمانەکە درێژ بکرێتەوە هەم مۆڵەتیان بۆ درێژ بکرێتەوە، چونکە وەک باسم کرد دەکەوێتە سەر ئاستی قوتابی، بۆ نموونە ئەگەر قوتابی لە ئاستی یەکەم بێت ئەوا پێویستی بە سێ هەفتە تا شەش هەفتە هەیە تا خولی زمانەکە تەواو دەکات، و تاقیکردنەوەی بۆ دەکات"
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین