دژه‌ تیرۆر له‌ سلێمانى: ناوى ئێمه‌ بۆ یاساشكێنى به‌كارهاتووه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دژه‌ تیرۆر له‌ سلێمانى راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ كه‌سانێك ناوى ده‌زگاكه‌یان بۆ یاساشكێنى به‌كارهێناوه‌ و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ رووبه‌ڕووى دادگا ده‌كرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى 23ى ته‌مووز به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى دژه‌ تیرۆر له‌ سلێمانى، راگه‌یێندراوێكى بۆ رای گشتى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوودا ، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو، ھێرشی ناڕەوا وبێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن".

له‌به‌شێكى ترى راگه‌یێندراوه‌كه‌ دووپاتى ئه‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ دژه‌ تیرۆر په‌یوه‌ندى به‌ كارى نایاسایى و قاچاخچێتى  نییه‌ و دژه‌ تیرۆر ده‌ڵێ، "ئێمە لێرەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی روون دەکەینەوە ، ھێزی دژەتیرۆر دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی یەوە نییە و نەبووە ، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو و ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەست درێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بەرەسمی دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوه‌".

له‌ هه‌شتى ئه‌م مانگه‌دا له‌سه‌ر لادانى به‌رپرسى ده‌زگاى دژه‌ تیرۆر، ته‌نگژه‌ و ململانێیه‌كى سیاسى له‌ناو یه‌كێتى دروست بوو، به‌وه‌ كۆتایى هات ده‌سه‌ڵاته‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى سڕ كران. دواتر بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى له‌ 21ى ئه‌م مانگه‌، بڕیارى دا سه‌رجه‌م "ناسنامه‌ ساخته‌كان"ى دژه‌ تیرۆر بوه‌ستێنرێت كه‌ ژماره‌یان 12 هه‌زار ناسنامه‌یه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین