ئیسرائیل له‌دژى حزبوڵا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نەفتالی بنت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە، وڵاتەکەی لە هەموو کەرەستە و تواناکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپی میلیشیای حزبوڵای لوبنان کە سەربە ئێرانە، سوود وەردەگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "ئەلعەرەبیە" بڵاوی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ چوارشەممە، لە لێدوانێکدا حزبوڵای بە "دوژمنی هاوبەشی ئیسرائیل و گەلی لوبنان" ناو برد و گوتی: "حزبوڵا گوێڕایەڵی ئێرانە، بۆیە لوبنانییەکان و داهاتوویان دەخاتە مەترسییەوە".

بنت هەروەها جەختی کردەوە، رێگا بە هیچ وڵات و گرووپێک نادات، ئاسایشی ئیسرائیل، سەرەوەری و هاووڵاتیانی بخاتە مەترسییەوە. هاوکات ئه‌ڤیخاى ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش، بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک ئاشکرای کرد، میلیشیاکانی لوبنان، کۆگایەکی چەک و تەقەمەنییان لە ٢٥ کیلۆمەتری قوتابخانەیەک لە گوندی "عبا" لە ناوچەی نبتیە کردووەتەوە و رێژەیەکی بەرچاو چەک و تەقەمەنییان تێدا شاردووەتەوە.

ئەدرەعی لەو راگەیێندراوەدا هۆشداری دا، ئەو کۆگای چەک و تەقەمەنییە یەکێکە لەو هەزاران ئامانجەی کە فەرماندەیی سوپای ئیسرائیل لە باکوور ناسیونەتیەوە و لە ئەگەری هەر شەڕێکدا، دەیانکاتە ئامانج.

ئەدرەعی گوتیشی، ئەو کۆگای چەک و تەقەمەنییە، لە ناوەڕاستی گەڕەکەکاندا دروست کراوە و تەنیا چەند مەترێک لەگەڵ قوتابخانەیەکی گشتیی، کە زیاتر لە ٣٠٠ قوتابی هەیە، مەودای هەیە و ئەو کردەوەی حزبوڵا گیانی قوتابیان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەدرەعی گوتیشی، حزبوڵای لوبنان بە شێوەی نابەرپرسیارانە، هەوڵی دروستکردنی کۆگاکانی خۆی لەو ناوچانەدا دەدات کە خەڵکی سڤیل تیایاندا نیشتەجێن و گیانی هاووڵاتیانی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە. 
پێشتر ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، باسی پووچەڵکردنەوەی گەورەترین ئۆپەراسیونی قاچاخکردنی چەک لە سنووری لوبنان بە درێژایی ساڵانی رابردوو کردبوو. ئەدرەعی گوتی، ٤٣ چەک لە ناوچەی ئەلغەجر دەستیان بەسەردا گیراوە. 
ئەدرەعی، رۆژی شەممەی رابردوو، لە تویتەردا نووسی، تیمێکی ناسینەوەی سوپای ئیسرائیل، هەینی رابردوو چەند گومانلێکراوێک کە بە نهێنی چەکیان لە لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل دەگواستەوە، ناسییەوە. 
هەروەها گوتی، سوپا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەوەیە کە ئایا حزبوڵا لەو ئۆپراسیۆنەدا دەستی هەبووە یان نا. هاوکات، پۆلیس، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوە بزانێ ئەو کەسانەی لەو ئۆپراسیونەدا دەستیان هەبووە کێن و سەر بە چ لایەنێکن. 
ئەدرەعی رایگەیاند، ماوەیک پێشتر، دەرکەوت، بەرپرسێکی باڵای حزبوڵا کە پێشتر راوێژکاری سکرتێری گشتی حزبوڵا لە بواری ئاسایشدا بوو، لە قاچاخکردنی مادە هۆشبەرەکان بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل دەستی هەبووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین