یه‌كێتى روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵى ئاى پڵه‌س ده‌دات کوردستانی

نوچه‌نێت

په‌یجێكى فه‌رمى یه‌كێتى روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر داخستنى كه‌ناڵى ئاى پڵه‌س بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دوێنێ له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر نووسینگه‌كه‌ى گیراوه‌، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌، "هیچ كه‌ناڵێك به‌ ناوى ئاى پڵه‌س نییه‌، ته‌نیا ناوێكه‌ پاره‌یه‌كى خه‌یاڵى یه‌كێتى بۆ ده‌ڕوات".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى ته‌مووز، په‌یجى PUK روونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر داخستنى نووسینگه‌ى كه‌ناڵى ئاى پڵه‌س (iplus) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ دوێنێ له‌ سلێمانى ئۆفیسه‌كه‌ى له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه‌ داخرا، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌، "سەرجه‌م رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندن و هاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، ئەو شوێنەی دوێنێ دەستی بەسەردا گیرا بە ناوی کەناڵی "ئای پڵەس" کە گوایە کەناڵێکی راگەیاندنە. پێتان رادەگەیەنین لە واقیعدا هیچ کەناڵێک بەو ناوەوە نەبووە، تەنیا بە ناوی کەناڵەوە چەند ساڵێکە پارەیەکی زۆر خەیاڵی لە یەکێتییەوە بۆ دەڕوات".

له‌ به‌شێكى ترى روونكردنه‌وه‌كه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌ڵگه‌ى پێویست له‌سه‌ر ئه‌م روونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ و دووپاتیش ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ "چه‌ند په‌یجێكى سێبه‌ر بووه‌ نه‌وه‌ك كه‌ناڵى راگه‌یاندن". روونكردنه‌وه‌ى په‌یجه‌كه‌ى یه‌كێتى ده‌ڵێ، "پاش دەستبەسەرداگرتنی دەرکەوت تەنیا چەند پەیجێکی سێبەری تێدایە و شتێک نەبووە بە ناوی کەناڵی راگەیاندن، هەموو بەڵگەکان لەبەردەستدایە".

به‌ر له‌ داخستنى نووسینگه‌كه‌ى ئاى پڵه‌س، هه‌مان په‌یجى یه‌كێتى نووسیویه‌تى، "هەر راگەیاندنێک بە پارەی یەکێتی کرابێتەوە دەبێت لە خزمەت یەکێتی بێت گەرنا دادەخرێن". هه‌ر ئه‌م په‌یجه‌ى یه‌كێتى له‌ په‌یامێكى تردا به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌،"سەرجەم ئەو کەناڵ و سایت و پەیج و ئەکاونتانەی پارەیان لە یەکێتی وەردەگرت و خزمەتیان بە شەخسی تایبەت دەکرد، دادەخرێن و پارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کادر و ئەندامانی یەکێتی".

شه‌وى رابردوو 13ى ته‌مووز  هێزێك ده‌چنه‌ سه‌ر نووسینگه‌ى كه‌ناڵى ئاى پڵه‌س، له‌ناو نووسینگه‌كه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و كارمه‌ندانیش ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئاى پڵه‌س له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ په‌یجه‌كه‌ى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەی دامەزراوەی راگەیاندنی ئایپڵەس، بۆماوەی سەعاتێك ئەو رۆژنامەڤان و كارمەندانەی لەئەركدابون راگیران و دەستبەسەركران و ئازاردران. لەهەمانكات هەندێ كەلوپەلیان بردە دەرەوەی دامەزراوەكە و بەشێكی كەلوپەل و دەرگەكەنیان شكاندن، جگەلەوەی بەشێكی كامێرای چاودێرییان لێكردەوە، كارەبای باڵەخانەیان كوژاندەوە. پاشان، بەڕێوبەر و كارمەندانی دامەزراوەكەیان ئازادكردن و هێزەكان لە باڵەخانەی دامەزراوەكە جێگیركران".

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین