ئایا توركیا تۆمەتبارە بە جینۆسایدێكى تر؟ وه‌ڵام لاى ئێزدییەكانە شیکاری

نوچه‌نێت

بە جینۆسایدناساندنى تاوانەكانى داعش دژ بە ئێزیدییەكان لەلایەن لیژنەى كاروبارى دەرەوەى پەرلەمانى بەلجیكا، دەرگا له‌به‌رده‌م رێكخراوە ئێزدییەكان ده‌كاته‌وه‌، بۆ ئەوەى داواى لێپرسینەوە لەگەڵ توركیا و ملیشیاكانى بكه‌ن، به‌هۆى ئه‌وه‌ى تاوانیان دژ بە ئێزیدییەكان لە سووریا ئەنجامداوە، بە تایبەت لە شارى عەفرین.

لە چەند رۆژى رابردوودا لیژنەى كاروبارى دەرەوەى پەرلەمانى فیدڕاڵى بەلجیكا بە زۆینەى دەنگ بڕیارى بە جینۆسایدناساندنى تاوانەكانى داعشى دژ بە ئێزیدیەكانى دا. ئەو بڕیارە چەند ئاماژه‌یه‌ك دەبەخشێت بۆ لێپرسینەوە لە رێكخراوى داعش و ئەو لایەنانەى هاوكارییان بوون لەو تاوانانەى لە عێراق و سووریا ئەنجامیان داوە.  ئەوەش توركیا و میلیشاكانى دەخاتە بازنەى لێپرسینەوە.

بەگوێرەى قسەى دلاوەر ئاژگەیى نوێنەرى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە ئەوروپا، پەرلەمانى بەلجیكا دانى بە جینۆسایدى ئێزدییەكان ناوە لەسەر دەستى رێكخراوى تیرۆریستى داعش، لە هەمان كات داواى لێپرسینەوە لەبەرپرسانى ئەو تاوانە دەكات.

لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاژگەیى روونی كردەوە، "بڕیارى پەرلەمانى ئەوروپاش داواى لێپرسینەوە لە بەرپرسانى ئەو تاوانانە دەكات، ئەو داوایە ئەو بەلجیكیانەش دەگرێتەوە، كە لەماوەى ئەو ساڵانە لە ریزەكانى داعش بوون".

هەروەك دەقى بڕیارەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتە بەشێوەیەكى گشتى نابێت هیچ تاوانبارێك لە عێراق و سووریا دەربازى بێت.

حەسۆ هۆرمى نووسەرى ئێزدى و سەرۆكى دەزگاى نێودەوڵەتى ئێزیدى بۆ پاڵپشتى بە جینۆسایدناساندنى تاوانەكان، بە (سكاى نیوز عەرەبى) رایگەیاندووه‌، "ئەو بڕیارە سەركەوتنێكە بۆ قوربانیانى ئێزیدى لەسەر دەستى داعش، هەروەها حكومەتى عێراقى و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى مێژوویى لەپێناو كاركردن بۆ دادگایكردنى ئەو كەسانەى تێوەگلاون لە ئەنجامدانى ئەو تاوانانە دژ بە ئێزدییەكان".

له‌دژى توركیا ئێزدییه‌كان داوایه‌ك 
ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى به‌لجیكا ده‌كه‌ن

 

بەگوێرەى قسەكانى هۆرمى، "پەسەندكردنى ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەى كاروبارى دەرەوەى پەرلەمانى به‌لجیكا، رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەى پەرلەمانى بەلجیكا بە گشتى دان بە جینۆسایدى ئێزدییەكاندا بنێت، كە پێشبینى دەكرێت لە (١٥)ى ئەو مانگە پەرلەمانى بەلجیكا بۆ ئەو مەبەستە كۆببێتەوە".

پێش ئەو بڕیارە شاندێكى بەلجیكى بە سەرۆكایەتى جۆج دالامان ئەندامى لیژنەى كاروبارى دەرەوە لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە و ڤیلیپ فاستنسیكب سەرۆكى رێكخراوى قوربانیانى تووندوتیژى لە فەڕەنسا و بەلجیكا لەگەڵ هەندێك رۆژنامەنووسى فەڕەنسى و بەلجیكى لە مانگى شوبات و ئادارى (٢٠٢٠) سەردانى هەرێمى كوردستانیان كرد  ولەگەڵ حكومەتى هەرێمى كوردستان و قوربانیانى ئێزیدى كۆبوونەوە.

بانگەوازى ئێزدییەكان بۆ یەكێتى ئەوروپا


سوعاد حەسۆ سه‌رۆكى هاوبه‌شى یه‌كێتى ئێزدییه‌كان له‌ عه‌فرین لە لێدوانێكى بۆ (سكاى نیوز عەرەبى) ئاماژەى بەوە كرد، "بریاڕى پەرلەمانى بەلجیكا زۆر گرنگە، ئەوە هەنگاوێكە سوود بە كۆمەڵگەى ئێزیدى دەگەینێت، پاڵپشتى مافەكانیان دەكات. داواش لە یەكێتى ئەوروپا دەكەین دان بە جینۆسایدى ئێزیدییەكان دابنێت". لە بەشێكى ترى قسەكانى گوتى، "ئەو كارانەى توركیاى داگیركەر لە عەفرین ئەنجامى داوە، وەك گۆڕینى دیمۆگرافى و دروستكردنى مزگەوت و یەكەى نیشتەجێبوون لە گوندى ئێزیدیان و تێكدانى شوێنەوارە ئاینییەكانیان، پێشلێكارییەكى روونە بەرانبەر پێكەهاتەیەكى رەسەن لە سووریا".

توركیا و ئێزدییەكانى سووریا

لەپاڵ داواكارى ئێزدییەكانى عێراق دژ بە تاوانەكانى داعش، بە تایبەت لە (٢٠١٨) كاتى داگیركردنى عەفرین، ئێزدییەكان توركیا و ملیشیاكانى تۆمەتبار دەكەن بە ئەنجامدانى تاوان بەرانبەریان.

دواى داگیركردنى عەفرین لەلایەن توركیا و ملیشیاكانى، یەكێتى ئێزدییەكان لە بەیاننامەیەكدا رایگه‌یاند، "داگیركردنى عەفرین لە لایەن توركیا و میلیشیاكانى لە (١٨)ى ئادارى (٢٠١٨) لە چوارچێوەى گۆڕینى دیمۆگرافى لە رێگەى نیشتەجێكردنى ملیشیاكان لەو ناوچەیە، تاوانى بەرفراوانیان دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامدا، وەك دەركردن و كوشتن و رفاندن و تێكدانى شوێنەوارە ئایینیەكانى ئێزیدییەكان و تاڵانكردنى زەویوزار و كەلوپەلى كشتوكاڵى خەڵكى ئەو ناوچەیە"

لاى خۆشیەوە هۆرمى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە، "ئەگەرى لێپرسینەوە لە توركیا و ملیشیاكانى لە سووریا لەسەر ئەو تاوانانەى بەرانبەر ئێزدییەكان ئەنجامیان داوە، لەسەر پێشكەشكردنى پرۆژە یاسایەكى تایبەت لە یەكێك لە وڵاتانى ئەوروپا وەستاوە، یاخود پەنابردنەبەر دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، ئەوەش پرسێكى زۆر ئاڵۆزە، پێویستى بەكاركردن و هەوڵى زۆر هه‌یه‌".

لە لایەكى ترەوە برادۆست كەمالى مافناسى سوورى و ئەندامى ئەنجومەنى ئەمیندارانى رێكخراوى كوردى بۆ مافەكانى مرۆڤ، داواى بەرزكردنەوەى ئەو تاوانانەى كرد بۆ بەردەم دادگاى تاوانەكانى نێودەوڵەتى، لە لێدوانێكیدا بۆ (سكاى نیوز عەرەبى) گوتى، "ئەو پێشێلكارییە ئابڕووبەرانەى توركیا و ملیشیاكانى لە سووریا جەخت لەسەر دادگایكردنى دەكەنەوە لە لایەن دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى"

رێكخراوه‌كانى بوارى مافى مرۆڤ ئه‌و تاوانه‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو و به‌رده‌وامانه‌ به‌ به‌ڵگه‌ ده‌كه‌نن بۆئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بكه‌وێته‌خۆ.


سه‌رچاوه‌: سكاى نیوز
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین