تورکیا بەدەستوەردان لە كاروبارى لوبنان تۆمەتبار دەكرێت تورکیە

نوچەنێت:

دواى ئەوەى سەعد حەريرى سەرۆكى راسپێرداوى حكومەتى لوبنانى سەردانى توركياى كرد، لەگەڵ رەجەب تەيب ئەردۆغانى سەرۆكى توركيا كۆبۆوە، ئەو كۆبوونەوەش بە دەستوەردانى توركيا لە كاروبارى ناوخۆیى لوبنان لیکدرایەوە.

رۆژى يەكشەممە (٢٧)ى حوزەيرانى (٢٠٢١) ماڵپەڕى (ئەحوالى توركى) بڵاويكردەوە، دوێنێ (٢٦)ى حوزەيران، ئەردۆغان لە كۆشكى وەحيدەخان لە ئيستەمبۆڵ پێشوازى لە سەعد حەريرى كرد و كۆبوونەوەيەكى داخراويان ئەنجام دا، دواى كۆبوونەوەکەش هيچ بەياننامەيەك دەربارەى ناوەڕۆكى كۆبوونەوەکە بڵاونەكرايەوە. 

چاودێرانى سیاسى پێيانوايە، "قەيرانى لوبنان دەرگايەكى فراوانى كردۆتەوە بۆ ئەوەى توركيا و وڵاتانى تر دەست لە كاروبارى ناوخۆى لوبنان وەربدەن، ئەوەش بەهۆى  بەريەكەوتنى بەرژەوەندييە جيۆسياسيي و نێودەوڵەتييەكان و ناوچەكە". 

لە سەروبەندى هەوڵە شكستخواردووەكانى ئەم دوايەى سەعد حەريرى بۆ پێكهێنانى حكومەت،  توركيا ميواندارى حەريرى دەكات، لە كاتێكدا توركيا لە ڕێگەى هێزى نەرم بەردەوامە لە چوونە ناو لوبنان، بەتايەت لە رێگەى پێشكەشكردنى هاوكارى مرۆيى و پێشنيازى نۆژەنكردنەوەى ئەو باڵەخانانەى لەو دوايانە لەلايەن خۆپيشاندەرانەوە وێرانكران، لەوانە باڵەخانەى شارەوانى تەرابلوس،كە مێژووەكەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى عوسمانییەکان.

چاودێران پێشيانوايە، "جۆرێك لە ئاڵۆزى لە نێوان سەرۆكايەتیى لوبنان و دەسەڵاتدارانى توركيا هەبوو، لە بەرانبەردا توركيا حەريرى وەك كارتێك بەكار دەهێنێت، بۆ دەستوەردان لە كاروبارى ئەو وڵاتە". 

لە لايەكى تريشەوە لوبنان يەكێكە لە گۆڕەپانەكانى ململانێى نێوان توركيا و فەڕەنسا، كاتێكيش ئيمانوێل ماكرۆنى سەرۆكى فەڕەنسا سەردانى ئەو وڵاتەى کرد، ئەردۆغان ڕەخنەى لەو سەردانە گرت و بە سەردانێكى كۆڵۆنيالى وەسفكرد.

سەبارەت بە پێشوازى لە حەريرى ڕەخنە لە ئەردۆغانیش دەگيرێت، كە بەگوێرەى لۆژيكى سياسى توركيا دەبوایە ئەو پرسانە لەگەڵ ميشيل عۆنى سەرۆكى لوبنان تاوتوێ بكات، نەك لەگەڵ سەعد حەريرى.

دواى ئەوەى دەسەڵاتدارانى فەڕەنسا هەڕەشەى سزادانى ژمارەيەك سياسى ليبيايان كرد و بەرپرسيارێتى قەيرانى ئەو وڵاتەيان خستە ئەستۆى ئەو بەرپرسانە، ئەردۆغان هەوڵدەدات يارى لەسەر ئەو ئاڵۆزيانە بكات.

سەرچاوە لوبنانييەكان ئاماژە بەوە دەكەن، "جوڵەكانى ئێستاى توركيا گرەوكردنى ئەنقەرەيە لەسەر پڕكردنەوەى بۆشايى عەرەبى لەسايەى ئەو قەيرانە قووڵەى رووبەڕووى لوبنان بۆتەوە، توركياش لەو وڵاتە بوونێكى مەعنەوى هەيە، بەڵام توركيا پەى بەوە نابات، كە ئەو بوونەى نابێتە لايەنگرى سووننەكانى لوبنان بۆ توركيا".

سياسيەكى ديارى لوبنانى، كە ناوەكەى ئاشكرا نەكراوە، پێىوايە، "بوونى توركيا لە لوبنان لە رێگەى ژمارەيەك دەزگاى خێرخوازى، كە ئەنقەرە پاڵپشتى دەكات لە تەرابلوسى پايتەختى باكوورى لوبنان زۆر گرنگە". 

 
 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین