مانگرتنەکانی کرێکاران لە ئێران فراوانتر دەبێ ئێران

نوچەنێت:

مانگرتنەکانی کرێکاران لە ئێران کە بە مانگرتنی کرێکارانی سێکتەری پیشەسازی نەوت، گاز و پترۆکیمیا دەستیان پێکردبوو، دوای مانگرتنی کرێکارانی باشووری ئەو وڵاتە لە رۆژی هەینی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، زیاتر پەرەیان سەند.

لەو بارەوە ماڵەپڕی "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ ئەو مانگرتنانە فیدراسیۆنێکی کرێکاران کە نوێنەرایەتی دەیان ملیۆن کرێکار لە پیشەسازییەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل، پۆڵا، نەوت و پترۆکیمیا و چنین دەکات، پاڵپشتی خۆی لە کرێکارانی مانگرتووی ئێران دەربڕی.

بەگوێرەی ئەو راپۆرت و گرتە ڤیدۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، کرێکارانی پترۆکیمیای کنگان، اورهالی ١٥ و ١٦ لە پارسی باشووری، رادیۆگرافی وێستگەی وزەی بیدخون و ترومپاخانەی ژمارە ٥ی بەندەر عەباسیش، رۆژی هەینی دەستیان بە مانگرتن کرد. 

تا ئێستا کرێکارانی چەندین کۆمپانیا، پاڵاوگە و وێستگەی وزە لانیکەم لە حەفت پارێزگای خوزستان، بوشەهر، هۆرمۆزگان، تاران، ئیسفەهان، ئازەربایجانی خۆرئاوا و کرمان بەشداری ئەو مانگرتنەیان کردووە. 

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارە مانگرتووەکان، شوێنی کارەکەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونتەوە بۆ شارەکانی خۆیان. ئەو کرێکارانە داوای زیادکردنی مووچەی مانگانە و زیادکردنی رۆژانی پشوو دەکەن. 

بە گوتەی ئەنجومەنی رێکخستنی خۆپیشاندانەکان، کرێکاران چەندین داواکاریی تریان هەیە،  لەوانە پێدانی مووچە بە بێ دواکەوتن، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی بەڵێندەران لە سێکتری پیشەسازیی نەوت و رێگریکردن لە دەرکردنی کرێکاران لە لایەن بەڵێندەرانەوە و سڕینەوە یاسا ناگونجاوەکانی ناوچەی ئازادی ئابووری. 

رێزگرتن لە پێوەرەکانی تەندروستی، دابینکردنی ئاسایشی شوێنی کار، تەندروستکردنی شوێنی مانەوەی کرێکاران، کۆتاییهێنان بە ژینگەی ئەمنی زاڵ بەسەر شوێنی کاردا، دانپێدانان بە مافی رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی کرێکاران، نموونەی چەندین داواکاری ترن کە ئەنجومەنی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی کرێکارانی سکتێری نەوت، ئاماژەی پێکردوون. 

کرێکارانی سێکتەری پیشەسازی نەوت، گاز و پترۆکیمیا لە هەموو وەرزێکی هاوین لە پێنج ساڵی رابردوودا، چەندین هەڵمەتیان بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی خۆیان رێخستووە بەڵام ئەمە دووەمین مانگرتنی بەربڵاوی ئەو کرێکارانەیە لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵی رابردوودا. 

مانگرتنەکان لە کاتێکدا درێژەیان هەیە کە رۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو، ٧٠٠ کرێکاری پاڵاوگەی نەوتی تاران کە مانیان گرتبوو، دەر کران. ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی زۆری لێکەوتووەتەوە. 

هاوکات، فیدراسیۆنی سەندیکای جیهانیی ئینداستریال کە نوێنەرایەتی لە زیاتر لە ٥٠ ملیۆن کرێکاری پیشەسازیی لە سێکتەرەکانی ئۆتۆمبێل، پۆڵا، نەوت و پیترۆکیمیا و چنین لە وڵاتانی جیهان دەکات، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، پاڵپشتی کرێکارانی مانگرتوو بۆ بەدیهاتنی داواکارییەکانیان دەکات. 

جگە لەوە، سەندیکای کرێکارانی شەریکەی پاس‌‌لێخوڕینی تاران و دەوروبەر، سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای نەیشەکەری حەفت تەپە، یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران، ئەنجومەنی خانەنشینانی ئێران، گرووپی یەکڕیزی خانەنشینان، خوێندکارانی پێشەنگی زانکۆی ئەسفەهان و بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران لە راگەیێندراوی جیا جیادا پاڵپشتی خۆیان لەو خۆپیشاندانانە دەربڕی. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین