ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ: پڕۆژەکەى ئەردۆغان ئیستەمبۆڵ دەخنکێنێ تورکیە

نوچەنێت:

ئەكرەم ئيمامئۆغلۆ سەرۆكى شارەوانى ئيستەمبۆڵ، لە ديدارێكى كەناڵى(عەرەبيە نێت) باس لە كۆمەڵێك پرسى گرنگ دەكات،  پێیوایە ئەگەر هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى و پەرلەمانى لەكاتى خۆییدا بكرێت، ياخود پێشبخرێت، بەدوورى نازانێت (پارتى گەلى كۆمارى) بگاتە دەسەڵات، سەبارەت بە لێكۆڵينەوەى داواكارى گشتى لەگەڵى، بە كارێكى بێبايەخى وەسفكرد، گوتيشى، پێويستە ئەوان لێكۆڵينەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بكەن، كە بووينە هۆكارى كێشە راستەقينەكانى توركيا، لە بەشێكى ترى ديدارەكەى بەوردى تيشكى خستە سەر دروستكردنى كەناڵى ئيستەمبۆڵ، بە بارچەيەك چيمەنتۆ وەسفى كرد

ئەو سياسيەتمەدارە ئۆپۆزسيۆنەى، دواى دووجار دووبارەكردنەوەى پرۆسەى هەڵبژاردنى شارەوانييەكان، توانى پۆستى سەرۆكى شارەوانى ئيستەمبۆڵى بباتەوە، لە ديدارەیکەدا سەبارەت بە كەناڵى ئيستەمبۆڵ دەڵێت، "زياتر لە ٦٠% دانيشتوانى ئيستەمبۆڵ دژى ئەو پرۆژەيەن، بەو پێيەى ئەردۆغان پێشتر سەرۆكى شارەوانى ئيستەمبۆڵ بووە، لە ژيانى سياسى خۆشەويستى خۆى بۆ ئەو شارە دەربڕيوە، بۆيە پێويستە بە تەواوى دەستبەردارى ئەو پڕۆژەيە بێت، ساڵى رابردوو ديدارم لەگەڵى هەبوو، هەڵوێستى خۆم پێ ڕاگەیاند، كە ئەو پرۆژەيە رەت دەكەمەوە، بە ورديش چاودێرى دەكەم".

لە بەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "ئەو پرۆژەيە كۆمەڵكوژيە بەرانبەر سروشت، بۆى هەيە ببێتە هۆكارى لە ناوبردنى دەرياى مەڕەمەڕە و خنكاندنى ئيستەمبۆڵ، پێويست ناكات ناوى ئەو پرۆژەيە بخرێتە پاڵ ناوى ئەو شارە، كە بە يەكێك لە جوانترين شارەكانى جيهان دادەندرێت".  لە بەشێكى ترى قسەكانى جەختى لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەكەناڵە ئاوييە پارچەيەك چيمەنتۆيە، زيانەكانى لە ژمار نايەن.

هەروەها پێیوايە، "ئەو پرۆژەيە لە بنەڕەتەوە بە رێگەيەكى شەفاف بەرێوە نابردرێت، نموونەش بۆ ئەوە شێوازى خستنەڕووى تەندەرەكانە، كە پێچەوانەى ياسا بوو".

لە درێژەى قسەكانى دەشڵێت، "تێچووى ئەو پرۆژەيە ئاڵۆزە، هەرچەندە ئەوەى خرايەروو دەزگاى گشتیى ئامادەى و دابەشى كردووە،  كە بڕەكەى بە (٦٥) مليار دۆلارى ئەمريكى خەمڵێندراوە، بەڵام ئەو ژمارەيە بە بەراورد بە تێچووى دروستكردنى ئەو كەناڵە ڕاستەقينە نييە، ژمارەى ڕاستەقينە زياتر(١٠٠) مليار دۆلارى ئەمريكى دەبێت، كە ئەو پارەيە بەكار دێت بۆ كوشتنى سروشت و گۆڕينى ئيستەمبۆڵ بۆ پارچەيەك چيمەنتۆ، ئەوەش لەگەڵ واقيع و پێداويستييەكانى ئەو شارە يەك ناگرێتەوە."

 

وێرانكردنى دارستانەكان 

سەرەڕاى ئەو زيانانە ئيمامئۆغلۆ ئاشكراشى دەکات ، کە ٧% ئەو ناوچانەى دەكەونە ژێر ئەو پرۆژەيە دارستانن، ٤٤% زەوى كشتوكاڵين، هەروەها ئەو كەناڵەى دروستدەكرێت (١٣٤٠٠) هێكتار زەوى داراستان لە ناو دەبات، دەبێتە هۆى بڕينەوە (٣٩٤) هەزار دار، كە ئۆكسجين بۆ مليۆنان كەس لە دانيشتوانى ئيستەمبۆڵ دابين دەكات.

هەروەها (١٣٤) مليۆن مەتر چوارگۆشەى زەوى كشتوكاڵى وێران دەكات، بەتايبەت كشتوكاڵ و بەخێوكردنى ئاژەڵ دوو سەرچاوەى سەرەكى داهاتى دانيشتووانى ئەو ناوچەيەن.

پرۆژەى كەناڵى ئيستەمبۆڵ كە سەرۆك کۆمارى توركيا بڕیارى دروستکردنى داوە، بەنداوى سازليدير بەتەواوى وێران دەكات، كە بەگوێرەى قسەى ئيمامئۆغلۆ"ئەو بەنداوە گرنگترين سەرچاوەى دابينكردنى ئاوى ئەو شارەيە، هەر ئەو  كەناڵە كاريگەرى لەسەر دەرياچەى تيركۆسى باكوورى  ئيستەمبۆڵ دەبێت."

سەرۆكى شارەوانى ئيستەمبۆڵ ئاماژەى بەوەش كرد، "لە داهاتوو ناوچەى تازەى نيشتەجێبوون دروست دەكرێت، كە لەوانەيە ئەملاو ئەولاى ئەو كەناڵە مليۆنێك، يا دوو مليۆن كەس لەخۆبگرێت، ئەوەش دەبێتە هۆى جياكردنەوەى ئەو ناوچەيەى كە زياتر لە هەشت مليۆن كەس لە هاونشتيمانانمان لە نيمچە دوورگەى كۆجالى لە ناوچەى تەراكيا دايە، ئەوەش دەبێتە دانانى سنوورێك بۆ جووڵەكردن لە كاتى روودانى كارەسات، بۆيە داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە لە پێناو كاروبارى گشتى وڵات كاردەكەن، دژى ئەو كەناڵە چيمەنتۆييە بوەستنەوە".

 

ئۆپۆزسيۆنى داهاتوو بۆ دەسەڵات

سەبارەت بە هەڵبژاردنى داهاتووش، ئيمامئۆغلۆ بەدوورى نازانێ هەڵبژاردنى پێشوەختەى سەرۆكايەتى و پەرلەمانى ئەنجام نەدرێت، لەو بارەيەوە گوتى، "ئەگەر سەيرى نمونەكانى رابردوو وڵات بكەين، دەبينى چۆن هەڵبژاردنەكان پێشخراون، لێرەوە دەتوانم بڵێم، ئەو خەڵكانەى بەهۆى هاوپەيمانى ئومەت دێن بۆ دەسەڵات لەڕێگەى رێكارى هاوشێوەى ئەو هەڵبژاردنانەيە، ئەوەش لە داهاتوو حكومەت دەگۆڕێ".

هەروەها لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئەوە جێگير بووە، هەموو شتێك بەو جۆرە دەبێت، كە لە ئيستەنبۆڵەوە لە ميانەى هەڵبژاردنەكانى رابردووى شارەوانييەكان گۆڕا، بەهەمان شێوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى و پەرلەمانى داهاتووش هەروا دەبێت".

پارتى گەلى كۆمارى سەرۆكايەتى گەورەترين پارتى ئۆپۆزسيۆن دەكات، هاوپەيمانى(ئومەت)يان لەگەڵ پارتى (سەعادەى) ئيسلامى و (باشە)ى نەتەوەيى و هەندێك پارتى بچووك تر پێكهێناوە.

پارتى ديموكراتى گەلان، كە لايەنگرى كوردە و لە هەڵبژاردنى شارەوانييەكانى (٢٠١٩) پاڵپشتى ئەو هاوپەيمانييەى كرد.

هەرچەندە ناوەندە سياسيەكانى توركيا ئيمامئۆغلۆ وەك ركابەرى ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو وەسف دەكەن، بەڵام ئەو رەتى كردەوە هيچ قسەيە لەو بابەتە بكات، تەنيا ئەوەى بيرخستەوە، كە ئەو لە هەڵبژاردنى شارەوانييەكان (١٦) مليۆن كەس لە هەڵبژاردنەكانى دەنگيان پێى داوە، دواى ئەوەى پارتەكەى بۆ ئەو پۆستە بەربژێرى كرد، دوو جار سەركەوتوو بوو.

هەروەها لە بەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "لەو كاتەدا تەنيا بير لە ئيستەمبۆڵ و داهاتووى دانيشتوانەکەى دەكاتەوە". 

ئيمامئۆغلۆ  دەشڵێت، "لە سەرۆكايەتیى شارەوانى ئيستەمبۆڵ سەركەوتم، نزيكەى ٥٥% دەنگى دەنگدەرانم بردەوە، ئەو ڕێژەى دەنگ سێ دەيە دەبێت لە هەڵبژاردنى شارەوانى ئيستەمبۆڵ كەس نەيهێناوە، بۆيە بەرپرسياريەتى زۆر لەسەر شانى من و هاوڕێكانمە، كاتێك ئەو پۆستەم وەرگرت، بەڵێنم دا ديموكراسيانەتر لە ناوخۆ و دەرەوەى توركيا مامەڵە بكەم، هەر لەبەر ئەمەشە هيچ بڕيارێك بە تەنيا نادەم بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوانەى كاريگەرن لەسەر بڕيارەكان".

 

لێكۆڵينەوەكانى وەزارەتى ناوخۆ

سەبارەت بەو لێكۆڵينەوانەى ماوە ماوە وەزارەتى ناوخۆ لەگەڵ ئيمامئۆغلۆ دەیکەن، لێكۆڵينەوەكانى بە بێ بايەخ وەسف كرد، ئاشكراشى كرد "ئەو لێكۆڵينەوانە تووڕەى ناكەن"، لە هەمان كاتدا ئاماژەى بەوە كرد" داواكارانى گشتى هيوايەتێكى تازەيان گرتۆتە بەر، زۆربەى مانگەكان بەبێ هۆكار لێكۆڵينەوەى لەگەڵ دەكەن. 

لەكۆتايى قسەكانى گوتى،" لەو بڕوايەدام پێويستە داواكارى گشتى ئەو كەسانە بانگهێشت بكەن كە بووينە هۆكارى كێشە ڕاستەقينەكان، نەك سەرۆكى شارەوانى ئيستەمبۆڵ، كە (١٨) هەزار كەسى دامەزراندوە، لە هەمان كاتدا سەرپەرشتى چەندين پرۆژە دەكات، لەناو ئەو پرۆژانە (١٠) وێستگەى ميترۆ، هەروەها بەشدارە لە فێركردنى نزيكەى (٣٠) قوتابى و دابەشكردنى (١٠) مليۆن ليتر شير  بۆ (١٣٠) هەزار منداڵ و كاروبارى تر، سەرەڕاى دابينكردنى ئاو بۆ دانيشتوانى ئيستەمبۆڵ بە نرخێكى زۆر هەرزان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین