به‌رپرسێكى پڕۆژه‌ى پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با: پاره‌ى كاره‌با زیاد نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ کوردستان- عێراق

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

عه‌لی ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەکى كاره‌با، لەسەر زۆرهاتنەوەی پارەی کارەبا بۆ هاووڵاتیان روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، "هۆکارەکە ئەوەیە درەنگ پارە دەدەن و زیاتریش لە جاران کارەبا بەکاردەهێنن".

عه‌لى ئیسماعیل ئه‌ندام لیژنه‌ى باڵاى پڕۆژه‌ى پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با له‌ دیمانه‌یه‌كى كورت له‌گه‌ڵ "نوچه‌نێت" باس له‌وه‌ ده‌كات پرۆژه‌ى دانانى پێوه‌رى زیره‌ك بۆ كاره‌باى ماڵان تا 50% ته‌واو بووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كاره‌با باسى له‌وه‌ كرد له‌ كوردستان نزیكه‌ى ملیۆنێك و 500 هاوبه‌شى كاره‌با هه‌ن، له‌ مانگى رابردوو 250 هه‌زار ماڵ به‌ پێوه‌رى زیره‌ك پسوله‌ى كاره‌بایان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و بڕیاریشه‌ له‌م مانگه‌دا 400 هه‌زار ماڵ پسووله‌ى كاره‌بایان پێ بدرێت.

ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى پرۆژه‌ى پێوه‌رى زیره‌كى كاره‌با له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ "نوچه‌نێت" باسى له‌و ئاسته‌نگانه‌ كرد كه‌ دێنه‌ به‌رده‌مى پڕۆژه‌كه‌ و گوتى، "هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان چاره‌سه‌ر كراون" روونیشى كرده‌وه‌ خه‌ڵك به‌ستنى بۆرده‌كان به‌ ئیشى سه‌ره‌كى پڕۆژه‌كه‌ ده‌زانن كه‌چى ره‌نگه‌ به‌ستنى بۆرده‌كان 5% ى پڕۆژه‌كه‌ بێت.

عه‌لى ئیسماعیل گوتى، "لە هەموو جیهان ئەو پرۆژەیە بە درێژایی حه‌وت تا هه‌شت ساڵ جێبه‌جێ ده‌كرێت، بەڵام ئێمە هاتووین لەماوەی یەک ساڵ دوو ساڵ ئەو پرۆژەیە به‌ خێراییه‌كى زۆر پێوانه‌یى جێبەجێی دەکەین".

وه‌ك تێبینى ده‌كرێت زۆرێك له‌ هاووڵاتییان گله‌ییان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن، "ئه‌م مانگه‌ پاره‌یه‌كى زۆرى كاره‌بامان بۆ هاتووه‌ته‌وه‌". عه‌لى ئیسماعیل سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ گوتى، "من پرسیارێک لەو  هاووڵاتییه‌ دەکەم، کە دەڵێت من پارەیەکی زۆرم بۆ هاتووە، کەی کۆتا جار بوو پارەی کارەبات داوە؟ ئێمە ساڵێک یا دوو ساڵە پێوەرمان نەخوێندووه‌ته‌وە واتا هاووڵاتی ساڵیکە یا دووان پارەی کارەبای نەداوە لە کاتێک خوێندنەوەی بۆ دێت واتا پارەی ساڵێک و دووانی بۆ دێتەوە، دەی بێگومان پارەی ساڵێک و دووان پارەیەکی زۆری بۆ دێتەوە پارەیەکی کەمی بۆ نایەت ئەوە هۆکاری یەکەمە".

دواتر روونى كرده‌وه‌ كه‌ هۆكارێكى تریش هه‌یه‌ و ئه‌ویش په‌یوه‌ندى به‌ زۆرى ماوه‌ى پێدانى كاره‌باوه‌ هه‌یه‌، عه‌لى ئیسماعیل گوتى، "هۆکارێکی تریشمان هەیە ئێمە هەتا ئێستا بە درێژایی چەند ساڵی پێشوو، کاتژمێری کارەبامان نزیکەی 10 - 15 كاتژمێر هەبوو، یا  هه‌شت نۆ  كاتژمێرێك هه‌بوو، بەڵام ئەم ساڵ کارەبامان ١٨ كاتژمێره‌، واتا بەکارهێنانی کارەبا زیاد بووە. باشترین بەڵگەش لەسەر ئەو قسەیە پارەی مۆلیدەی مانگى رابردووه‌ كه‌ پێنج هه‌زار دینار بوو،  كه‌چى پێشتر  خەڵک 15 هەزار دینارى ده‌دات ئێستا پێنج هەزار دەدات، واتا پارەی کارەبای حکومەت سێ هێنده‌ زیاد دەکات و پارەی کارەبای مۆلیدەش کەم بۆتەوە ".

دووپاتیشى كردووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌دواداچوونیان بۆ زۆرى پاره‌ى كاره‌باى ماڵان كردووه‌  له‌ ئه‌نجام بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌، "هه‌مووى ته‌واوه‌ و جێگیره‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین