ڕێککەوتنى جۆ بایدن و ئەردۆغان لەسەر فڕۆکەخانەى کابوول ناڕەزایى لێدەکەوێتەوە شیکاری

نوچەنێت:

دوای (20) ساڵ له‌ مانه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ ناتۆ لە ئەفغانستان، ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ولاتانى‌ رۆژئاواییه‌كان بڕیاری ده‌ستپێكردنی كشانه‌وه‌یان له‌ خاكی ئه‌فغانستان کرد،  کە له‌ یه‌كی ئایار ده‌ستی پێكرد و له‌ ڕۆژى (11)ى مانگی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ کۆتایى بە پرۆسەى کشانەوەى هێزەکانى دێت، ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی (20) ساڵه‌ی هێرشه‌كانی قاعیده‌ بۆ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی بارزگانی و پنتاگۆن له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. 

هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی ناتۆ ئاماده‌ن به‌بێ رێككه‌وتنی ئاشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، كه‌ كاراترین هێزه‌ له‌سه‌ر خاكی ئه‌فغانستان، پاشه‌كشه‌ بكه‌ن، لەگەڵ‌ئەوەى تا ئێستا دانووستاندنه‌كان هیچ ئه‌نجامێكی راسته‌وخۆی نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی لەو ماوەیە توندتوتیژییەکان له‌و وڵاته‌ زیادی كردووه‌، ئه‌وه‌ش وڵاتانی ناتۆ به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا دوو دڵ کردووە به‌رانبه‌ر چەند دامەزراوە و شوێنکى گرنگى پایتەختى ئەو وڵاتە، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی حامید كارزایی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ توركیا پارێزگاری لێده‌كات و به‌شێكی هێزی سه‌ربازیی له‌وێ جێگرکردووە.

 

گرنگی فڕۆكه‌خانه‌ی كابول

گرنگییەکەى دایه‌، تاكه‌ ده‌روازه‌ی كراوه‌ی ئه‌فغانستانه‌ به‌ڕووی جیهانی ده‌ره‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ وشكانییه‌كانی رووبه‌ڕووی مه‌ترسی ئه‌منی بووینەته‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌فغانستان هیچ سنوورێكی ئاوی نییه‌، بۆیه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی كابول یه‌كێكه‌ له‌و شوێنانه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ندێك وڵات داوا ده‌كه‌ن‌ پارێزگاری ته‌واوی لێ بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كراوه‌یی له‌به‌رده‌م گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بمێنێته‌وه‌ وه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی بۆ مانه‌وه‌ی نێرده‌ دیپلۆماسیه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ خێرخوازییه‌كان.

 

ده‌ستپێكی دانووستانه‌كان 

رۆژی دوو شەممەى ڕابردوو، (١٤)ى حوزەيرانى (٢٠٢١) دواى كۆبوونەوەى رەجەب تەيب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارى توركيا لەگەڵ جۆ بايدن سەرۆكى ئەمريكا، ئەردۆغان لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى رايگەياند، "گفتوگۆمان لەسەر دەستبەركردنى ئاسايشى فڕۆكەخانەى كابوول كرد، كە ئامانج لێى ئەوەيە گەلى ئەفغانى بەتەنيا جێنەهێڵدرێت، پێويستە هاوكارى بكرێن".

لەبەشێكى ترى قسەكانیدا سەرۆک کۆمارى تورکیا گوتیشى، "ئەستەمە توركيا بوونى تاڵیبان لە ئەفغانستان پشتگوێ بخات".

لە بەرانبەردا ڕۆژى (١٧)ى حوزەيرانى ڕابردوو، ماڵپەڕى (رۆيتەرز) بڵاويكردەوە، جيك سۆليڤان راوێژكارى ئاسايشى نەتەوەيى جۆبايدن بە رۆژنامەنووسانى رايگەياند، "جۆبايدن و ئەردۆغان رێككەوتن لەسەر ئەوەى دواى كشانەوەى هێزە سەربازييەكانى ئەمريكا لە ئەفغانستان، توركيا رۆڵى سەرەكى ببينێت لە دابينكردن ئاسايشى فرۆكەخانەى كابۆل، ئەوان ئێستا سەرقاڵى دانانى پلانێكن". لەبەشێكى ترى قسەكانيشى ئاماژەى بەوەشكرد،"ئەوان پلانێكى تريشيان هەيە بۆ هەر دۆخێكى لە ناكاو، ئەگەر توركيا تواناى پاراستنى تەواوى نەبوو، ياخود پێويستى بە هاوكاريكردنى سنووردار هەبوو، ئەمەریکا هاوکارى تورکیا دەکات".

هەر سەبارەت بە فڕۆکەخانە کابوول، گيران هيواد وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەفغانستان رايگەياند،" گفتوگۆى ئەردۆغان لەگەڵ جۆ بايدن سەبارەت بە پاراستنى ئاسايشى فڕۆكەى خانەى كابوول بەشێوەيەكى هەڵە لێكدرايەوە، ئامانجى سەرۆكى توركيا پاڵپشتى هێزە چەكدارەكانى ئەفغانستانە بەهاوكارى وڵاتانى دراوسێ، لە پێش هەموويانەوە پاكستان، بۆ دەستەبەكردنى سەقامگيرى ئاسايش لە ئەفغانستان". جەختيشى لەسەر ئەوە كردەوە،" توركيا بەردەوام پاڵپشتى چارەسەرى ئاشتيانەى كردووە، لە پێناو چارەسەكردنى كێشەكان".

 

هه‌ڵوێستی رووسیا

لەسەر ئاستى وڵاتانيش ماڵپەڕى (ئارتى) بڵاويكردەوە زامير كابۆلۆڤ نێردەى تايبەتى سەرۆكى رووسيا بۆ ئەفغانستان رايگەياند،" پلانى توركيا بۆ دابينكردنى ئاسايشى فڕۆكەخانەى كابوول پێشێلكردنى ئەو رێككەوتنەيە، كە لەگەڵ تاڵيبيان واژۆكراوە".

 

هه‌ڵوێستی تاڵیبان

لە رۆژی (10)ی حوزه‌یران، سوهه‌یل شاهین وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی تاڵبیان له‌ رێگه‌ی نامه‌یه‌كی نووسراوه‌ به‌ رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه‌،"توركیا له‌ (20) ساڵى ڕابردوو به‌شێك بووه‌ له‌ هێزه‌كانی ناتۆ، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه‌ له‌ (29)ی شوباتی (2020) رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا واژۆ كرد، بۆیه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی توركیاش له‌ ئه‌فغانستان پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.

 

هه‌ڵوێستی ئه‌فغانستان 

پێشتر محه‌مه‌د حه‌نیف ئه‌تمه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فغانستان به‌ ماڵپه‌ڕی (ئه‌نادۆڵ)ی توركی رایگه‌یاندبوو، "توركیا رۆڵی گرنگی ده‌بێت له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان له‌ دایبنكردنی ئاسایشی فرۆكه‌خانه‌ی كابوول".

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانی رایگه‌یاند "پێشوازی له‌ ویستی توركیا ده‌كه‌ین بۆ دابینكردنی ئاسایشی فرۆكه‌خانه‌ی كابۆل به‌ ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو به‌رده‌وامی بوونی دیپلۆماسی نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ ئه‌فغانستان".

سه‌باره‌ت به‌ داوای توركیا بۆ هاوبه‌شیكردنی هێزی وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئه‌تمه‌ر جه‌ختی له‌وسه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌" دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا رۆڵی پاكستان  له‌ ئه‌فغانستان گرنگی خۆی خۆی هه‌یه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی فرۆكه‌خانه‌ی كابۆلی پایته‌خت".

 

گواستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی لیبیا بۆ ئه‌فغانستان

سەبارەت بەو هێزەى ئەركى پاراستنى فڕۆكەخانەى كابوول دەگرێتە ئەستۆ جه‌واد غوك شاره‌زای ستراتیژی توركی لە لێدوانێكى بۆ ماڵپەڕى كەناڵى (حوره‌) دەڵێت، "جۆ بایدن و ئه‌ردۆغان له‌ پەراوێزى كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی ناتۆ رێككه‌وتوون، له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان، توركیا رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت له‌ پاراستنی فڕۆكه‌خانه‌ی کابول، به‌گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش توركيا موره‌ته‌زقه‌كانی سووریا له‌ لیبیاوه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان". 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد،"ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ توركيا هێزە سەربازييەكانى خۆشى له‌ لیبیا بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌فغانستان".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین