لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مان: یه‌كخستنى وتارى هه‌ینى بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئازادى نییه‌ کوردستانی


 

سیهام میران- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دواى دروستبوونى ناڕه‌زایى له‌سه‌ر رێكخستنى وتارى هه‌ینى، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مان ده‌ڵێ، "یه‌كخستنى وتارى هه‌ینى مزگه‌وته‌كان ته‌نیا بۆ رێكخستنه‌ نه‌وه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ى ئازادى".

هه‌فته‌ى رابردوو دواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان بۆردى یه‌كخستنى وتارى هه‌ینى كارا كرا، دوێنیش یه‌كه‌مین هه‌فته‌ بوو كه‌ وتارى هه‌ینى تێدا رێكخرا، به‌ڵام ناڕه‌زایى هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكى لێكه‌وته‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت، وه‌یسى سه‌عید وه‌یسى بڕیارى لیژنه‌ى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێ،  "وتاری ھەینی رۆڵ و كاریگەریی خۆی ھەیە لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگا و بە گەورەترین كۆبوونەوەی ھەفتانە داده‌نرێت  كە لە مزگەوتەكاندا ئارەزوومەندانە خەڵك تێدا بەشدارن، ته‌نانه‌ت كاریگەری ھەیە لە ئاراستەكردن و دروستكردنی رای گشتیدا".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى وه‌یسى سه‌عید وه‌یسى باسى له‌ چۆنیه‌تى یه‌كخستنى وتارى هه‌ینى كردو گوتى، "لەم چوارچێوەیەدا بە مەبەستی  بایەخدان بە وتاری ھەینی، لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی بۆردێكی تایبەت پێكھێنراوه لەسەر دیاریكردنی شێوازی وتاری ئاینی ئەمەش بەپشتبەستن بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنفڕانسی رێكخستنی گووتاری ئاینی كە لەسالی ٢٠١٦ به‌بەشداریی ٥٠٠ مامۆستای ئاینی لەسەرتاسەری كوردستان  بەسترا".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى مامۆستایانى ئاینى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كه‌، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئه‌وقافى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "ئەوەندی تێبینیمان كردووە مامۆستایانی ئایینی بەشێوەێكی باش پابەندن بە رێنماییەكانی ئەم بۆردە كە مەبەست لێی تەنیا رێكخستنی وتاری ھەینییە نەك كەمكردنەوەی ئازاد، چونكە گرنگە پەیامی مامۆستای ئایینی لەمینبەری مزگەوتەكان بۆ ھوشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بێت لە ھەمووبابەتێكی ھەستیار بەلام دوور لە تەشھیروناوزراندن لەگەڵ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیمان".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین