داعش ڤیدیۆى گوللە بارانکردنى گەنجێکى کوردى بڵاوکردەوە کوردستانی

تایبەت بە نوچەنێت:

دوو ساڵ دواى ڕفاندنى گەنجێکى کورد لە گوندى نارین لە نزیک قەرەتەپە، لەلایەن داعشەوە، ئەمڕۆ تیرۆریستانى داعش لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا شەهیدکردنى ئەو گەنجە کوردەیان ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ (29)ى ئایارى (2021)، خزمێکى نزیکى ئەو گەنجە، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، “ئەم كوڕە ناوى جەلال بابان نارینى بوو، کارمەندى بنکەى پۆلیسى نارین بوو، بەر لە دوو ساڵ لە نزیک ماڵەکەى خۆى لەلایەن تیرۆریستانى داعشەوە لەگەڵ هاوڕێییەکى ڕفێندرا، لە بەرامبەر ئازادکردنیشدا داواى ئافرەتێکى ئێزدییان دەکرد، کە پێشتر خێزانى ئەمیرێکى ئەو ڕێکخراوە بووە."

ڕیاز نارینى خزمى جەلال بابان، ئەوەشى خستەڕوو، “نزیکەى پێش دوو ساڵ جەلال بابان لە نزیکى ماڵى خۆیان، لە کاتى سەرقاڵبوونى بە کارى کشتوکاڵى لە گوندەکەى خۆیان، لەگەڵ هاوڕێییەکى لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، دواتر هاوڕێییەکەیان بە شەش دەفتەر دۆلار ئازاد کرد.”

هەروەها دەشڵێت، “تیرۆریستانى داعش، بۆ ئازادکردنى ئەو گەنجە داواى ئازادکردنى کچێکى ئێزیدیان دەکرد، کە پێشتر خێزانى ئەمیرێکى داعش بە زۆر کردیتیە خێزانى خۆى،  کە دواى ڕفاندنى ئەو کچە لە شنگال.”

جەلال بابان نارینى خەڵکى گوندى نارینە و خێزاندارە، وەک کارمەندى پۆلیس لە بنکەى پۆلیسى نارین دەوامى دەکردووە، مووچەکەشى لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان بووە، هەروەها گوندەکەیان دواین سنوورى هەرێمى کوردستانە لە ناوچە کوردستانییەکانى سنوورى ماددەى (140).

بە وتەى ڕیاز نارینى، “هاورێیەکەى جەلال بابان، لەبەر ئەوەى کەسێکى مەدەنى بوو، دواى چەند مانگێگ، لە بەرامبەر (6) دەفتەر دۆلار داعش ئازادی کردى، بەڵام ماوەى دوو ساڵ، بۆ ئازادکردنى جەلال بابان تیرۆریستانى داعش تا ئێستا چەندینجار بە نامەى دەنگى هەڕەشەى لە بنەماڵەى ئەو پۆلیسە کوردە کردووە، ئەگەر داواکەریەکەیان جێبەجێ نەکەن، کوڕەکەیان سەردەبڕن.”

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین