ماكگۆرك بۆ نێچیرڤان بارزانى : ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مریكا له‌ پشتگیرى ئێوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ برێت ماكگۆرك رێكخه‌رى كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فریقیا له‌ كۆشكى سپى ئه‌مریكا كرد. ماكگۆرك به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى راگه‌یاند، "ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ئێوه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پێنجى ئایار، له‌ هه‌ولێر سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ برێت ماكگۆرك و كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى ئه‌مریكى كرد، له‌ دیدارێك ماكگۆرك سڵاو و رێزى بایدن و وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى به‌ نێچیرڤان بارزانى گه‌یاند و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان دۆستى زۆری له‌ واشنتۆن هه‌یه‌ و ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریكا له‌ هاوكاری و یارمه‌تیدانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

ده‌قى راگه‌یێندراوى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دیداره‌كه‌:


شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ریكى سڵاو و ڕێزى سه‌رۆك جۆ بایدن و به‌ڕێزان وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریى ئه‌مه‌ریكایان به‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گه‌یاند و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌رۆك بایدنه‌وه‌ تا به‌رپرسانى باڵاى دیكه‌ى ئه‌مه‌ریكا، دۆستى زۆرتان له‌ واشنتۆن هه‌یه‌ و ئیداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌ پشتگیرى و یارمه‌تیدانى ئێوه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شى و په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و گرنگى به‌ پته‌وكردنى هاریكاریى درێژخایه‌نى نێوانیان ده‌دات.


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ریكى كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان برێت مەکگورک ڕێکخه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئافریکا له‌ کۆشکی سپی، دێریك شۆلێى، گەورە ڕاوێژكاری وه‌زاره‌تى دەرەوەی ئەمەریكا، جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت، خاتوو ده‌ینا سترۆل جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند ڕاوێژكاری دیكه‌ى ئیدارەی ئەمەریكا و به‌رپرسان له‌ باڵیۆزخانه‌یان له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌یان له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

 

ماكگۆرك بۆ نێچیرڤان بارزانى : دۆستى زۆرتان له‌ واشنتۆن هه‌یه‌
 

شانده‌كه‌ ستایش و پێزانینى ئه‌مه‌ریكاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر دووپات كرده‌وه‌ و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كى جددییه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تى له‌ناوبردنى ده‌بێ به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها كارى هاوبه‌ش و هاریكاریى هه‌مووان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا پێویسته‌.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى پشتگیرى و یارمه‌تیى ئه‌مه‌ریكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و سه‌ردانى شانده‌كه‌ى به‌ ناردنى په‌یامێكى ڕوونى ئه‌مه‌ریكا به‌ ماناى به‌رده‌وامیى پشتگیرى و هاوكارییان بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و موكوڕییان له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یى بۆ نه‌هێشتنى یه‌كجاره‌كیى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و جێگیركردنى سه‌قامگیرى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

گفتوگۆى ستراتیژیى عێراق ـ ئه‌مه‌ریكا و گرنگیى به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان تیایدا، یادى 30 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى نه‌واى ئارام و ڕۆڵى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له‌ پاراستنى گه‌لى كوردستاندا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ماهه‌نگییان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین