هەڵبژاردنەکانی 2023 دەبنە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ وڵاتەکەمان تورکیە

ئەردۆغان:

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی کۆنگرەی ئاکپارتی لە پێنج پارێزگا، هەڵبژاردنەکانی 2023 بە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی تورکیا ناودەبات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2021 بەشداريی کۆنگرەیەکی ئۆنلاینی لقەکانی ئاکپارتی لە مانیسا، ئایدن، مێردین، ئادیامان، کلیس، چەولیک، بەدلیس، خارپێت و مووش کرد.
 
ئەردۆغان لە میانەی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە تاوەکو کۆتایی مانگی شووبات لە هەموو پارێزگاکانی تورکیا کۆنگرەی ئاکپارتی ساز دەکرێت.
 
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پلانەکانی حکومەت بۆ قۆناخی ئایندە رایگەیاند: "لەپێناو بەهێزکردنی ئابووریی تورکیا چاکسازی دەکەین و بە پێداگرییەوە سیاسەتەکانی تایبەت بە گەشەپێدان پەیڕەو دەکەین. لەگەڵ هەڵکشانی هێزی تورکیا لە ناوچەکە و جیهان، پەلامارەکانیش بۆ سەر وڵاتەکەمان زیادیان کرد".
 
ئەردۆغان باسیشی لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و وەکو خاڵی وەرچەرخانی مێژووی تورکیا ناویبرد و گوتی: "هەڵبژاردنەکانی 2023مان لەپێشە. بێگومان هەموو هەڵبژاردنێک گرنگیی خۆی هەیە و لە روانگەی دیاریکردنی هەنگاوەکانی ئایندەی وڵاتەوە بایەخێکی چارەنووسسازی هەیە".
 
سەرککۆماری تورکیا جەختیشی لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە و رایگەیاند: "چیدیکە لە ناوچەکەماندا بەئاسانی کردەی تیرۆريستی و شەڕی ناوخۆ هەڵناگیرسێت، بۆ ئەوەی سەرچاوە سروشتییەکانمان بەئاسانی بەتاڵان ببرێن".
 
بەپێی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام گوشاری جیددی لەلایەن پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەوان پێیانوایە ئاکپارتی ئێستا کێشەی بەڕێوەبردن، ئابووری، پێدانی مافەکان و سیاسەتی دەرەوەی هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین