سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بانگەوازی باخچەلی بۆ ئۆجەلان ناو دەنێت شیکاری

نوچە نێت

ئامادەکردنى: دنیا ئەحمەد

نەعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ناوناوە، "پرۆسەی ئیمراڵی" هەروەها ڕەتی دەکاتەوە کە دەستپێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ گۆرینی دەستووری تورکیا بێت.
ماڵپەڕی گەل بڵاوى کردەوە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ سەرۆکی پەکەکە دەڵێت، "باخچەلی پیاوێکی گەورەی ئەم میللەتەیە، بە بەرپرسیارێتی و جددیەوە ئەم پرۆسەی دەستپێکردووە، لێرەدا ئەم کارە ئاسۆیەکی سیاسی و ناوچەیی و جیهانی لەخۆ دەگرێت و دەخوێندرێتەوە، هیواخوازم پرۆسەکە بە شێوەیەکی بێ کێشە بەردەوام دەبێت، سەردانییەکانی شاندی دەم پارتی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەرێوەچوو، زۆر گرینگە ئەم گفتوگۆیانە لە پەرلەمان و لەنێوان پارتە سیاسیەکانیش ئەنجام بدرێت."
کورتوڵموش سەبارەت بە رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن کەباس لەوە دەکەن، دەسەڵات ئەم پرۆسەیەی دەستپێکردووە بۆ گۆرینی دەستوور بۆ ئەوەی بتوانین رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی گشتی ئەکپارتی دووبارە خۆی کاندید بکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا و گوتی، "پێویستە پرۆسەی ئیمراڵی تێکەڵی کێشەکانی گۆرینی دەستوور نەکرێت، ئەم پرۆسەیە بابەتێکی جیاوازە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتی جەهەپە لەگەڵ هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبۆڵ و مەنسور یەڤاش سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە کۆبوونەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان دیاریکردنی کاندیدی پارتەکەیان بۆ سەرۆک کۆمار لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا و هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئۆزەل رایگەیاند، "پرۆسەکە تەواو دەکەین و بێ ئەوەی هیچ کەسێک بەجێبهێڵین، بێئەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا ئەوەندە درێژەی بکێشێت، لەنێوان ئەندامانی پارتەکەمان هەڵبژاردن بۆ هەردوو کاندیدمان دەکەین."
لەلایەکی دیکە عەلی باباجان، سەرۆکی دیڤا رەخنە لە دەسەڵاتی تورکیا دەگرێت و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمەوبەدوا ناتونێت وڵات بەرێوەببات پێویستە بکشێتەوە لایەک، هەروەها رەخنە لە ڵێدوانێکی سەرۆکی جەهەپە دەگڕێت کە ڕایگەیاندبوو، "دوو ساڵ و نیوی تر ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئێمە رێگە بە ئەردۆغان دەدەین خۆی کاندید بکاتەوە." 
باباجان لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، "نەک تەنیا حکومەت بگۆرێت دەبێت ئەوانەی وڵات بەڕێوەدەبەن بگۆرێن ئەگەرنا هەرگیز کێشەکانی تورکیا چارەسەر نابێت، ناکرێت کرین و فرۆشتن بکەن. من لێرەدا داوایەک ئاراستەی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەم ناکرێت خۆتان بخەنە موزادەیەکی لەم شێوەیە هەڵە دەکەن، سەرەتا دەبێت پەرژەوەندی تورکیا لەپێش هەموو شتێک بێت."
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، پارتە سیاسیەکانی تورکیا رێگرن لەبەردەم هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا، بەڵام ئەکپارتی سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت چەند گۆرانکارییەک لە دەستوور بکرێت، ساڵی رابردوو دەوڵەت باخچەلی بانگەوازێکی پێشکەش بە ئۆجەلان کرد بۆ ئەوەی داوا لە پەکەکە بکات چەک دابنێتن و رێکخراوەکە هەڵبوەشێنێتەوە، لەدوای ئەمەش شاندی دەم پارتی دووجار سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، لایەنە سیاسیەکانی تورکیاش پێیان وایە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئیمراڵی بۆ ئەوەیە ئەکپارتی رێگە خۆشبکات بۆ گۆرینی دەستوور و ئەردۆغان بتوانێت جارێکی تر خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا کاندید بکاتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی تورکیا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین