شاندى دەمپارتى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە تورکیە

نوچە نێت

ئەمڕۆ یەکشەممە (29/كانوونى یەکەم/ 2024) شاندى دەمپارتى لەدواى گەڕانەوەیان راگەیێندراوێکیان لەسەر کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە:

بۆ راگەیاندن و رای گشتی

لە 28ـیی کانوونی یەکەمی 2024ـدا، دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەکەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا کرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و روانگەکانی بەم شێوەیەن:
- بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
- بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
- رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.
- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم.
- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات رێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
بەڕێزەوە بۆ رای گشتی،
29ـی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین