سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە عێراق ناوچەکە و جیهان
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردان لە سەماوە پەیامێکی بلاوکردەوە، دەڵێت، "گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت".

ڕۆژی دووشەممە (23/کانوونی یەکەم/2024) محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوکردەوە، دووپاتی کردەوە، "سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقیەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی ڕژێمی پێشوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاشکرا دەبن".

جێگەی ئاماژە پێدانە، دوێنی یەکشەممە لە ناوچەی سەماوە لە عێراق، گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدراوە، کە ئێسکوپروسکی نزیکەی (50) ژن و منداڵی کوردی تێدابوو، بەگوێرەی ئاسەوارەکانی سەر جەستەیان هەموویان پێش ئەوەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا بشاردرێنەوە گوللـەیان لێ درابوو.

دەقی پەیامەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق:

سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمکاری لەسەر سینەی عێراقیەکان، بەڵام بەڵگەکانی تاوانە دڕندەکانی ڕژێمی پێشوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاشکرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە، کە گەلەکەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا بەسەریدا هاتووە.

دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ کە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی کوردمان لەخۆدەگرێت، لە بیابانەکانی سەماوا، کاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبوونـمان بەبیر دەهێنێتەوە، کە تێیدا گەلەکەمان لە ژێر دڕندەیی ڕژێمی ڕەگەزپەرستدا ئازار و مەینەتی دەچێشت.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق و شەهیدانی ستەم و قوربانیانی دڕندەیی دیکتاتۆری قێزەون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین