هەرێمی کوردستان و هاوسەنگیی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان بیروڕا

 

لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا (هێزی نەرم) ئاماژەیە بۆ توانای وڵاتێک، کە لە ڕێگای ڕاکێشان و ڕازیکردنەوە، کاریگەری لەسەر کەسانی دیکە دروست بکات، نەک بە زۆرکردن یان هێزی سەربازی.

ئەم کاریگەرییە لە ڕێگای کولتووری، دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بەکار دەهێنرێت، کە پەرە بە هاوکاری و هەماهەنگی دەدات، نەک ململانێ و ناکۆکی.

لەم نێوەندەدا تیۆری (هاوسەنگیی هێز) ئەوە پیشان دەدات، کە ئاسایشی نەتەوەییی وڵاتان، بە دابەشبوونی توانا سەربازییەکان پارێزراو و زامنکراوە، بۆ ئەوەی هیچ نەتەوەیەک ئەوەندە بەهێز نەبێت کە بتوانێت بەسەر هەموو ئەوانی تردا زاڵ بێت.

هەردی نووری ئیبراهیم 

 دیارە لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە هاوسەنگکردنی داینامیکی دەسەڵاتی ناوچەیی لە نێوان ئێران و تورکیادا.

ئێران و تورکیا کە دوو زلهێزی ناوچەیی کاریگەرن و ڕێژەیەکی زۆری کوردیان تێدایە و بەشێکی خاکەکەیان لە ڕووی مێژووییەوە هی کوردە، پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆی نیگەرانییەکانیان لە جیابوونەوەی کورد، ناجێگیر و لە هەڵبەز و دابەز دایە. ئێران کە کەمینەیەکی زۆری کوردی لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی هەیە، لە کاتێکدا پاڵپشتیی فراکسیۆنە کوردییەکانی عێراقی کردووە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی، ترسیشی لە هەر هەنگاوێک بەرەو سەربەخۆیی کورد هەیە.

لەبەرامبەردا، تورکیا ململانێیەکی لەمێژینەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە گرووپێکی جوداخوازی کوردە، هەبووە و ستاتۆی هەرێمی کوردستان لە عێراق وەک ئەگەری هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی خۆی دەبینێت.

هەردوو وڵات ئاگاداری هەستیاری و گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانن و بەردەوام ترسی ئەوەیان هەیە، کە ببێتە ئیلهامبەخشی بزووتنەوە جوداخوازەکان لەناو سنوورەکانیاندا.

لەم ژینگە گرژ و ئاڵۆزەدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ڕەواندنەوەی ترس و نیگەرانیی هەردوو وڵاتی دراوسێ، ڕۆڵێکی بەرچاو و چارەنووسسازی گێڕاوە وەک ناوبژیوانێک، ئەویش بە بەکارهێنانی هێزی نەرم، بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەو بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و لە هەمان کاتدا پاراستنی هێڵە کراوەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا، چڕ دەبێتەوە.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2024 سەردانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیای کرد، بەمەش پێگەی خۆی وەک سەرکردەیەک بەهێزتر کرد، کە هەوڵی هاوسەنگکردنی پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی هەرێم دەدات لە ڕێگای دیالۆگ و هاوکارییەوە، نەک ڕووبەڕووبوونەوە و بەریەککەوتن.

ئەم ئامادەییە کارا و ڕۆڵە ئەرێنییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وای کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە، بۆ ماوەی هەفتەیەک میدیاکانی ئێرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و لە مانشێتە سەرەکییەکانیاندا زیاتر لە (٢٠) بیست نازناویان پێ بەخشی، کە یەکێکیان (باڵیۆزی ئاشتیی هەرێم لە تارانە) بوو.

* بەکالۆریۆس لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسییەت

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین