لەدوای (24) مانگ عومەر ئۆجەلان سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد تورکیە

نوچە نێت

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند، "دوێنێ وەک یەکێک لە بنەماڵە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکە لە ئیمرالی کۆبووینەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2024/10/24) ماڵپەڕی (بیرگون) بڵاویکردەوە، عومەر ئۆجەلان برازای ئۆجەلان لەهەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا رایگەیاندووە، ئێمە وەک بنەماڵە لەبەروای سێی ئازاری (2022)ەوە نەمانتوانیووە چاومان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەوێت، دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەڵان ئەنجامدا." 

عەبدولقادر سێلڤی، ڕۆژنامەنوس و نوسەری سەر بە حکوومەتی تورکیا سەبارەت بە کۆبوونەوەی عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە وتارێکیدا ئاشکرای کردووە، "کۆبوونەوەکە دوێنێ لە کاتژمێر(11) دەستیپیکرد و نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، عومەر ئۆجەلان ڕۆژی سێشەممە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیا بۆ کۆبوونەوە ئاگادارکرایەوە کە داواکاری کۆبوونەوەکە قبۆڵ کراوە و دوێنێ بە کەشتیەک لە دەریاچەی مودانیای شاری بورسا گواسترایەوە بۆ ئیمرالی و کۆبوونەوەکە بەرێوەچوو."

سێلڤی هەڵوێستی ڕێبەری پەکەکە بەرامبەر بە داواکەی سەرۆکی مەهەپە بۆ دەستپێشخەری دەستپێکردنەوەی پڕۆسەری ئاشتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ئۆجەلان پەیامێکی بە برازاکەی ناردووە و رایگەیاندووە ئەگەر مەرجەکانی گۆشەگیری هەڵبگیرێت و دەرفەتێکی بۆ برەخسێت و بتوانێت پەیوەندی بکات ئەوکات دەتوانێت ڕۆلێکی گرینگ ببینێت لەدانانی چەک."

ئەو ڕۆژنامەنوسە راشیگەیاندووە کە ئۆجەڵان گوتیشی، "ئامادەم بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم و داوا لە رێکخراوەکەم بکەم چەکەکانیان دانێن."

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پێشووی پارتی كرێكارانی كوردستان لە توركیا، لە دەزگای هەواڵگری توركیا بە هاوكاری هەواڵگری ئیسرائیلی و چەند دەزگایەكی دیكە لە (1999/2/15) كینا رفاندی و گێڕایەوە بۆ توركیا، لەو كاتەوە تا ئێستا لە گرتووخانەیەك لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی كراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین