سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق دەكات کوردستانی

نوچە نێت

باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی دەكات و لەبارەی تاوانی كوشتنی گەشتیارێكی هەرێمی كوردستان لە توركیا ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، "لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەدواداچوونی تەواویان بۆ ڕووداوەكە كردووە."

ڕۆژی سێشەممە (سێی ئەیلوول/2024) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ئانیل بورا ئینان باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێكدا دەڵێت، لە كۆبوونەوەكەدا، "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەكاربوونی وەك باڵیۆز لە عێراق بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ویستی وڵاتەكەشی بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا."

هەروەها باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق بە وردی باسی لە "تاوانی كوشتنی گەشتیارێكی هەرێمی كوردستان لە توركیا كرد و وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی بە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری قوربانییەكە، ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا بەدواداچوونی تەواویان بۆ ڕووداوەكە كردووە و ڕێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر و سەرجەم تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیركراون و بەدڵنیاییەوە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن."

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی "هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی توركیا لە عێراق خواست و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە. "

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین