ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرەرای ناکۆکییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە.

ڕۆژی شەممە (24/ئاب/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت، حیزبی سەروەری و بەرەی تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان ڕاگەیاندووە، پێناچێت پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکات".

سەرچاوەیەک کە نەیویستوە ناوی بەو ماڵپەڕی ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت، سێ بابەتی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن کە بریتین لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ڕێنماییە ناوخۆییەکانی ئەنجومەنەکە و دیاریکردنی ئەندامەکانی، پڕکردنەوەی پۆستە سیاسییە بەتاڵەکان لەلایەن تورکمانەکانەوە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسی، هەروەها پرسی دامەزراندنی زیاتر لە (7) هەزار هاووڵاتی لە کەرکووک".

محەمەد مەهدی بەیاتی، کەسایەتییەکی سەرکردایەتی حزبی بەدر داوای لە سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە کرد، "هەموو ئەندامان ئامادەی دانیشتنەکە بن، پێویستە ئەندامان بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن و ڕۆڵی یاسایی خۆیان جێبەجێ بکەن ئەگەر ناڕەزایشیان هەبێت".

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە (16) ئەندام پێکهاتووە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەدا لە هۆتێل ڕەشید لە شاری بەغدا، بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامەکەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، سێ ئەندامی کوتلەی عەرەبی و ئەندامێکی مەسیحی، ڕێبوار تەها، وەک پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان کرا، پۆستەکە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی کرایەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین