وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر پرسی كوردانی ئێزدی سوپاسی وڵاتان دەکات کوردستانی

نوچە نێت

دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسگوزاری خۆی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دەربڕی کە هەست بەو تاوانانە دەکەن کە چەکدارانی تیرۆریستی داعش بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجامی دا، بە جینۆساید ناساندیان.

ڕۆژی یەکشەممە (18/ئاب/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند. "سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەم کە دانیان بەو تاوانانە داناوە کە چەکدارانی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامیان دا، تاوانەکەیان بە جینۆساید ناو نا".

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند، "ئێمە سوپاسی حکومەت و پەرلەمانی ئەو وڵاتانە دەکەین کە لەم ئازارانە دەگەن کە بەسەر ئێزدییەکان داهاتووە، ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە جینۆساید کران". 

فوئاد حوسێن پابەندبوونی حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان دووپاتکردەوە و گوتی، "ئێمە پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە، بەردەوام جەخت دەکەینەوە لەو کۆمەڵکوژییەی ڕووبەڕووی ئێزدییەکان بووەوە، بەڵێن دەدەین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی داعش".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئەم گوتانەی لە کۆنگرەی جینۆسایدی ئێزدییەکان کرد کە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئاماژەی بۆ، "هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دۆزینەوەی هەموو ڕفێندراوانی ئێزدی. بەردەوامی کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی گەڕاندەوەیان، بنیات نانەوەی ماڵەکانیان، شوێنە پیرۆزەکانیان، و قەرەبوو کردنەوەیان".

مانگی ئابی (2014) چەکدارانی تیرۆریستی داعش هێرشی دڕندانەیان کردە سەر شەنگال. هەزاران ئێزدی کوژران، بریندار کران و ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵان ڕفێندران، بوونە کۆیلە، ئازاری زۆریان بەسەردا سەپێنرا. ئەم تاوانانە بە جینۆساید ناسێندران، هەوڵە بێ کۆتاکان بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان و گەڕاندنەوەی هەموو ڕفێندراوان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین