لە تورکیا رۆژنامەوان و هونەرمەند و ئەدیبان لە دژی قەییووم دەوەستنەوە تورکیە

نوچە نێت

لە دژیی دانانی قەییووم (114) رۆژنامەوان هونەرمەند و کەسایەتی ئەدەبی لە جۆلەمێرگ واژۆیان کۆکردەوەو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "دەبێت کۆتایی بە دانانی قەییووم بهێنرێت چونکە هەرگیز لەگەڵ یاسا و دیموکراسی ناگونجێت."

پێنجشەممە (20/حوزەیران/2024) ماڵپەری (T24) بڵاویکردەوە، لەم دوو رۆژەی رابردوو لە دژی دانانی قەییووم لە جۆلەمێرگ (115) رۆژنامەوان و هونەرمەند و چەند کەسایەتییەکی ئەدەبی گرتبوونەوە و واژۆیان کۆکردەوە لەپاشان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە. 

لەبەیاننامەکەدا رایانگەیاند، "ئەوەی لە جۆلەمێرگ روویدا پێشێلکارییە بەرامبەر بە مافی دەنگدەرانی هەموو هاوڵاتیانی ئەم شارە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و پێشێلکردنی دەستوورە. " 

لەبەشێکی تری راگەیاندنەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، "دەبێت دانانی قەییووم بکشێندرێتەوە چونکە هەرگیز لەگەڵ یاسا و دیموکراسی ناگونجێ، هەروەها دەنگدەران مافی خۆیانە کە دەنگ بەکێ دەدەن بەپێی دەستوور نابێت پێشێل بکرێت و دەبێت رێزی لێبگیرێت، ئەو کارەی ئەنجامدراوە لەدژی هیوای ژیان و خۆشگوزەرانی و ئاشتی هەموو وڵاتە." 

هەر سەبارەت بە دانانی قەییووم بڕیارە خۆپیشاندانێک رێکبخرێت لە ئەستەمبۆڵ لەلایەن گروپی هێزەکانی کرێکارە و ئاشتی و دیموکراسی، بۆئەم مەبەستەش ئەمرۆ کاتی خۆپیشاندانەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رادەگەیەنرێت. 

لەدوای ئەوەی محمەد سدیق، کاندیدی دەرچووی سەرۆکی شارەوانی دەم پارتی لە سێ حوزەیران لەسەر کارەکەی لادرا و قەییووم داندرا، هەروەها هەر ئەمرۆژیش دەستگیرکرا و لە شوێنی ئەو عەلی چەلیک ئەندامی ئەکپارتی وەک سەرۆکی شارەوانی نوێ دەستبەکاربوو، کە پێش هەڵبژاردنەکانی (31) ئادار سەرۆکی شارەوانی ئەم شارە بوو. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین