شنۆ ئەشقی پەرلەمانتار: بیرۆكه‌كه‌ى من سادەیە و هیچ بارگرانى لەسەر حکومەت دروست ناکات کوردستان- عێراق

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

شنۆ ئەشقی پەرلەمانتار بیرۆکەیەکی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان داوە لەسەر رێکخستنەوەی هەلی کار لە کوردستان، بریارە سبەی تاوتویی بکرێت. ئەو پەرلەمانتارە لەسەر پرۆژەکەی به‌ نوچه‌نێت دەڵێ،" بیرۆکەیەکی سادەیە و هیج ئەرکێكی دارایی بۆ سەر حکومەت دروست ناکات."

شنۆ ئەشقی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، پرۆژەیەکی بە پەرلەمان داوە لەسەر رەخساندنی هەلی کار. لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت، ئەمرۆ دووشەممە ١٩ی نیسان، ئامانجی پرۆژەکەی روون دەکاتەوە و دەڵێت، "زۆر سادەیە هیچ ئەرکێکیە ماددی لەسەر حکومەت دروست ناکات، تەنیا رێکخستنەوە و کۆمەڵێک چاکسازییە، ئەگەر بێت حکومەت ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ بکات گۆڕانکارییەکی زۆر باش بەسەر رێژەی بێکاریى و هەژاریى ده‌هێنێت، لەبەر ئەوەی حکومەت لە رەخساندنی هەلی کار تاکو ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا بێ بەرنامە بووە".

ئەو پەرلەمانتارە لە لێدوانێکی باسی لەوە کرد، وێرای ئەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروشمی چاکسازی بەرزکردووەتەوە، بەڵام هێشتا هیچ بەرنامە و پرۆژەی دڵخۆشکەر بۆ ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەو وەك پەرلەمانتارێک بیری لەم بابەتە کردووەتەوە.

شنۆ ئەشقی باسی لەوەش کرد بە جێبەجێکردنی پرۆژەکەی ئەو  ١٠ هەزار گەنجی بێکار سوودمەند دەبن و سەبارەت بە ئامارى بێکاریش دەڵێت، " بە نزیکەی ٢٧٨ هەزار بێکار لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، لەو بەشەدا ١٢٠ هەزاری دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانن، بەڵام ئەم بیرۆکەیە پێویستی بە پلانی ستراتیژی دوورمەودا هەیە، باس لەوەش دەکات کەوا لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پێشنیازی یاسایەکە هەر لەسەر هەمان بیرۆكه‌، تاکو ئاراستەی حکومەت بکات و حکومەت لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا بتوانێت ئەم کارە رێکبخرێتەوە".

لە کۆتایی لێدوانەکەی دووپاتیشی کردەوە کە بواری پرۆژەکەى ئه‌و کەرتی تایبەت دەبێت و  شنۆ دەڵێت، "من لە بیرۆکەکەمدا ئیشم لەسەر ئەوە کردووە کە ئەو مەرجانەی لە ئێستادا بۆ گەنجان لە کەرتە تایبەکان دانراوە نەمێنیت، یاخود حکومەت خۆی سەرپەرشتی بکات".  
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین