سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی: ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا میکانیزمێک بۆ چاره‌سه‌ر دانێین کوردستانی

نوچەنێت:

دواى نێوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (حەوتى نیسان/2024) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەمیانی سەردانەكەیدا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی سەردانماندا بۆ بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، كۆبوونەوەكەمان بە شێوەیەكی گشتی لە چوارچێوەی ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بووە و لەم كۆبوونەوانەدا هەوڵم دا میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی بەردەوام بین و هەر سەردان نەبن كە بێین و بگەڕێینەوە، میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەو جۆرە كۆبوونەوانەمان هەبێت لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداوە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ئێستا هەیە هەموویان لە مەجلسێكدا بە میكانزمێك بتوانین لە شوێنێکدا باسیان بكەین و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە."

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى گوتیشى، "وەك ئاگادارن پرسی مووچە كە پرسێكی بنەڕەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و ئەو ڕێككەوتنەی كە لەنێوان به‌ڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سوودانی كراوە، ئەمە دەستپێكێكی زۆر باشە و هیوادارین بەردەوام بێت. باسمان لە پرسی نەوتیش كرد و بێگومان وەك هەرێمی كوردستان پێمانوایە كە دەبێت دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەینەوە، چونكە ئەم پرسە زیانی گەورەی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە و تا ئێستا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بە بودجەی عێراق كەوتووە. بێگومان ئەم مەسەلەیە باس كراوە، بەڵام ئەوە تیمی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێ كە بێن بۆ بەغدا و زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەین، هیوادارین بگەینە ئەنجام."

هەروەها سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، "وەك بەرپرسیارێتیی خۆم وەك سەرۆكی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنمان دیاریكردووە و تا ئێستا هیچ گۆڕانكارییەك لەم بابەتەدا نییە و بێگومان ئەمە پرسێكی سیاسییە و دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان قسەی لەسەر بكەن و دەبێت بە هەر حال لە ئەنجامدا بە لێکگەیشتن لەم بابەتە دەربچین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین