مەسرور بارزانی لە گفتوگۆ لەگەڵ شەرق ئەوسەت: پێویستیمان بە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەیە کوردستانی

نوچه‌نێت

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی هەندێ زانیارییان دەست کەوتووە سەبارەت بەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە كه‌مپى هۆلى سووریا پلانێکی بۆ ئەنجامدانی تیرۆر داڕشتووە.


ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "شەرق ئەوسەت" بڵاوی کردەوە، مەسرور بارزانی لە دیمانە لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت ڕایگەیاندووە ئەو پرسە جێگای نیگەرانییە و نیشاندەری ئەوەیە تیرۆریستەکان هێشتا دەتوانن هەڕەشە بن بۆ سەر عێراق و ناوچەکە. 
سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ شکستی یەکلاکەرەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە هێشتا پێویستییان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە. 
هەروەها وتی، "لێکۆڵینەوەکانی دامودەزگاکانی هەواڵگری نیشاندەری ئەوەن داعش پلانەکەی لە ئوردوگای هۆل داڕشتووە و پێدەچێت ئەو گرووپە تیرۆریستیە هێشتا توانای تێپەڕاندنی سنوورەکان و نفوزی نایاسایی هەبێت". 
مه‌سرور بارزانی داوای لە هاوپەیمانان و هاوبەشانی هەرێمی کوردستان کردووە بە شێوەیەکی جددی بەرپه‌رچی مەترسییەکانی ئەو هەڕەشەیە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێم و دەرەوەی هەرێم بدەنەوە. 
پێشتر سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دوایین خولی گفتوگۆ ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتبووی "پێویستە شاندی عێراقی ئەوە لەبەرچاو بگرێت هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و هەڵوێستی ئەوەیە تا کاتێ مەترسی تیرۆریزم لە ئارادا بێت، پێویستە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بمێننەوە". 
ڕۆژی ڕابردووش، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەواڵی دەستبەسەرکردنی تیمێکی تیرۆریستی داعشی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و وتی، "هێزەکانی ئاسایش توانییان پلانێکی تیرۆریستی پووچەڵ بکەنەوە کە گرووپی تیرۆریستی داعش بە نیاز بوو لە پارێزگای هەولێر ئەنجامی بدات". 
بە وتەی مه‌سرور بارزانی، ئەندامانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە، دەستبەسەر کران و لێپرسینەوە لێیان دەستی پێکردووە.
مه‌سرور بارزانی ڕایگەیاندووە کەسێک بە ناوی "حجی عەبدوڵا" لە سەرکردەکانی داعش لە سوریا، پلانی بۆ هەناردەکردنی تیرۆریستەکان بۆ هەولێر لە ئەستۆ بووە. 
ئەو تیرۆریستانە لە دانپێدانانەکانی خۆیاندا جەختیان کردووەتەوە پلانی چاندنی مین لە قەراخ جادەکان و تیرۆرکردکردنی کەسانێکیان بە دەمانچە هەبووە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین