عێراق دەنگی بە راگرتنی شەڕی غەزە نەدا ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پڕۆژە بڕیارێك بە كۆی 120 دەنگ بۆ ئاگربەستی شەڕی غەزە درا، ئەوەی سەیر بوو عێراق دەنگی بە پڕۆژە عەرەبییەكە نەدا و هەندێك دەڵێن هەڵەیەكی تەكنیكی بوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش روونكردنەوەی خۆی دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2023 میدیا عەرەبی و جیهانییەكان تاوتوێی هەڵوێستە چاوەڕواننەكراوەكەی عێراق دەكەن لە نەتەوە یەكگرتووەكان. شەوی رابردوو لە كۆبوونەوەیەكی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارێكی عەرەبی درا، كە داوا دەكات گربەستێكی مرۆیی رابگەیێنرێت بۆ ئەوەی هاوكارییەكان بە خەڵكی غەزە بگات. 

عێراق زۆرترین هەڕەشەی دەكرد كەچی دەنگی نەدا

120 وڵات دەنگیان لە بەرژوەندی پڕۆژە بڕیارەكە دا، 14 وڵاتیش دژی بوون، كەچی 45 وڵات هیچ دەنگێكیان نەدا. ئەوەی جێی سەرنج بوو، عێراق و توونس لە ریزی ئەو وڵاتانە بوون كە دەنگیان نەدا. ئەمەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە و عێراق ناچار بوو، بەپەلە روونكردنەوە بدات.

محەمەد بەرادعی جێگری سەرۆكی پێشووی میسر یەكێكە لەوانەی سەرنجی خۆی لەسەر هەڵوێستی عێراق و ئوردن داوە و لە تویتێك لە پێگەی ئێكس دەڵێ‌، "بڕیاری كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لەلایەن ئوردنەوە سەبارەت بە غەزە پێشكەش كرا بوو، بە 120 دەنگ پەسەند كرا. فەڕەنسا دەنگی لە بەرژوەندی بڕیارەكە دا، كەچی توونس و عێراق دەنگیان نەدا! تەنانەت لە خراپترین كاتیش ناتوانین یەك ریزبین، نەگبەتییە".

پرۆژە بڕیارە پەسەندكراوەكە باس لە راگرتنی دەستبەجێی شەڕ دەكات و داوای ئاگربەستێكی مرۆیی و هەمیشەیی دەكات بە شێوەیەك هەموو كاری دوژمنكارانە بوەستێنرێت. هەروەها داوا لە لایەنەكان دەكات پابەند بن بەو ئەركانەی كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان لە ئەستۆیانە، لەوانە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاساكانی مافی مرۆڤ تایبەت بە پاراستنی خەڵكی سڤیل و ئەو یەكانەی كە لە بواری پێشكەشكردنی هاوكارییە مرۆییەكان كار دەكەن. لەسەر داوای وڵاتانی تر پڕۆژە بڕیارەكە ئەمەی بۆ زیاد كرا، "داوا دەكرێت دەستبەجێی و بێ مەرج ئەو كەسانە ئازاد بكرێن كە بە شێوەیەكی نایاسايی وەك بارمتە گیراون، داوا دەكرێت سەلامەتی و ژیانیان زامن بكرێت و بەشێوەیەكی مرۆییانە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت".

وەزارەتی دەرەوەی توونس روونكردنەوەی داوە و دەڵێ‌، "بەهۆی ئەوەی سەركۆنەیەكی راشكاوانە بۆ دوژمنكاری ئیسرائیل لە بڕیارەكە نییە، بۆیە دەنگیان نەداوە" كەچی عێراق كەوتە بارودۆخی ئیحراجی و سەرەتا روونكردنەوەیەكی دا و دواتر بە هەڵەی تەكنیكی ناوی برد.

ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق درەنگانی شەوی رابردوو روونكردنەوەی داوە و دەڵێ‌، "سڵمان لە هەندێك وشە  كردەوە كە لە بڕیارەكە هاتووە، لەگەڵ یاساكانی نیشتیمانیمان ناگونجێ لەوانە بژردەی جیاكردنەوەی دوو دەوڵەت و یەكسانی لەنێوان مەدەنییەكانی فەڵەستین و دوژمنەكانیان".عێراق هەر بەو روونكردنەوەیە نەوەستا، دواتر سكاڵای تۆماركرد و وەرنەگرتنی هەڵوێستی بە "هەڵەیەكی تەكنیكی وەسف كرد". ماڵپەڕی سكای نیوزی عەرەبی بڵاویكردووەتەوە، عێراق سكاڵای كردووە، گوایە هەڵەیەك لە دەنگدان لە بەرژوەندی پڕۆژە بڕیارەكەی عەرەب هەیە و بۆیە دوای چاككردنی هەڵەكە دەنگی پڕۆژەكە دەبێت بە 121 دەوڵەت.

ماوەی 21 رۆژە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی و سوپای ئیسرائیلی لە كەرتی غەزە لە شەڕدان و بە هەزاران كەس لە هەردوو لا بوونەتە قوربانی. ئەو بڕیارەی كە لە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەرچووە، بڕیارێك ناتوانێ‌ حكومەتەكان پابەند بكات، بۆیە ئیسرائیل شەوی رابردوو هاوكات لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكە دووپاتی كردووە هێرشی زەمینی بۆ سەر غەزە فراوانتر دەكات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین