شەڕی حەماس و ئیسرائیل چ كاریگەرییەكی بۆ سەر بازاڕی نەوت دەبێت؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس كاریگەری بۆ سەر بازاڕی نەوتی جیهان هەبێت، لەوانەیە هەناردەكردن پەكبخات، نرخ بەرەو سەرەوە ببات، بەڵام شارەزایان لەسەر ئەوە كۆكن، كە رووداوەكان هاوشێوەی ئەوە نابێت كە حەفتاكانی سەدەی رابردوو روویدا.

دوای تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر قەدەغەكردنی هەناردەی نەوتی عەرەبی لە ساڵی 1973، شارەزایان بۆ ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس باسیان لەوە كردووە، ئەم جەنگەی ئێستا هەیە كاریگەری بەسەر بازاڕی نەوت دەبێت، بەڵام ئەوان كۆكن لەسەر ئەوەی كە بەرزبوونەوەی كارەساتئامێزی نرخ، وێنەی نۆرەگرتنی درێژ لەبەردەم بەنزینخانەكان، كە ئەو كات بینران، ئێستا دووبارە نابێتەوە.

مەتریسی هەیە قەیرانی حەفتاكان دووبارە ببێتەوە 

بەرپرسێك لە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی باس لەوە دەكات جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە دڵنیاییەوە هەواڵێكی باش نییە بۆ بازاڕی نەوت، كە لە بنەڕەتدا خۆی بە هۆی كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوتی سعوودیە و رووسیا شڵەژاوە.

فاتیح پیرۆل بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە ئاژانسەكە كە بارەگاكەی لە پاریسە باس لەوە دەكات، بازاڕەكە ناجێگیر دەبێت، ئەم شەڕەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ، كە ئەمە "بە دڵنیاییەوە هەواڵێكی باش نییە". سەرەڕای ئەمەش ئەو بەرپرسە باس لەوە دەكات لە وڵاتانی گەشەسەندوو كە نەوت و جۆرەكانی تری سووتەمەنی هاوردە دەكەن، زیاتر بە بەرزبوونەوەی نەوت زیانیان بەردەكەوێت.

رۆژێك بەر لە هێرشەكەی حەماس لە شەشی تشرینی یەكەم، نەوتی خاوی برێنت بەرمیلێكی بە 85 دۆلار فرۆشرا، كەچی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە 91 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا. هێرشەكە بووە هۆی كوشتنی هەزار و 400 كەس، ئیسرائیلیش یەكسەر بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە و چەندان گەڕەكی بۆردومان كرد و چوار هەزار و 127 كەسی كوشت، ئەمە بەگوێرەی زانیارییەكانی  تەندروستی سەربە حەماس كە دوێنێ‌ هەینی 20ی تشرینی یەكەم بڵاویكردووەتەوە.

ئەو ناسەقامگیرییە بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تا 96 دۆلار بۆ بەرمیلێك بەرزبووەوە. نرخی نەوتیش پشت بە بڕی بەكارهاتوو و بڕی فەراهەمكراو دەبەستێت. ئەو نەوتەی خراوەتەڕوو بە هۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لەژێر هەڕەشەدایە. یەكێك لە مەترسییەكانیش ئەوەیە جەنگەكە ببێتە هۆی ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران، كە ناوەندی گەورەترین یەدەگی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان.

بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە بەرهەمی نەوتی ئێران سنووردار كراوە، بەڵام هێشتا نەوتی ئەو وڵاتە بەرەو چین و وڵاتانی تر دەڕوا. هەر زیانێكیش بەر ژێرخانی نەوتی ئێران بكەوێت لە ئەنجامی هێرشێكی سەربازی ئیسرائیل ئەوا نرخی نەوتی لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەبێتەوە. بێ‌ ئەمەش هەر داخستنێكی گەرووی هورمز كە دەكەوێتە باشووری ئێران، بازاڕی نەوتی جیهان دەشڵەژێ‌، چونكە زۆرێك لە نەوتی حیهان بەو گەرووە تێدەپەڕێت.
ئەندرۆ لیبۆ سەرۆكی كۆمپانیای لیبۆ ئۆیڵ، كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و نووسینگەی سەرەكی لە هیوستنە، دەڵێ‌، "تا شتێكی لەم جۆرە روودەدات، بازاڕی نەوتیش وەك هەر كەسێكی تر چاودێری گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات"ئەندرۆ بە دووری دەزانێ لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزببێتەوە.

بەرهەمی نەوتی ئەمریكی لە مانگی تشرینی یەكەم گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە

یەكێك لە هۆكارەكانی دەرنەكەوتنی نۆرە لە بەردەم بەنزینخانەكان وەك ئەوەی لە حەفتاكان روویدا ئەوەیە، بەرهەمی نەوتی ئەمریكا گەیشتۆتە ئەوپەڕی كە پێشتر هەرگیز بەم شێوەیە نەبووە. بەڕێوەبردنی زانیاری وزەی ئەمریكا رایگەیاندووە، بەرهەمی نەوتی ئەمریكی لە هەفتەی یەكەمی مانگی تشرینی یەكەم گەیشتووەتە 13 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە ئەمەش بە بڕی 100 هەزار بەرمیل ژمارەیەكی پێوانەییە بۆ ئەو ژمارەیەی كە لە ساڵی 2020 تۆمار كرا.  ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2012 وە زیاد دەبێت.

مایك سۆمەرز سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پەیمانگەی ئەمریكا بۆ نەوت دەڵێ‌، "تەنگژەی وزەی 1973 فێری زۆر شتی كردیین، بەڵام لە هەموویان گرنگتر بە بڕوای من، هێزی وزەی ئەمریكایە كە سەرچاوەیەكی گەورەیە بۆ ئاسایش و گەشەكردن و سەربەستی لە هەموو جیهان"

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە وتارێكدا كە بە بۆنەی 50 ساڵ تێپەڕبوونی قەدەغەكردنی نەوت پێشكەشەی كرد، سۆمەرز باسی لەوە كرد بەرهەمی ئێستا ئەمریكا تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە لاوازەیە كە ئەو كات ئەمریكا هەیبوو. داواشی لە سیاسەتمەدارانی ئەمریكا كرد سەرنج بدەنە ئەو پەندانەی كە لە ساڵی 1973 وەرگیراون. سۆمەرز چەندان جار رەخنەی لە سیاسەتی بایدن گرتووە كە گرێبەستە نوێیە سنووردار دەكات وەك بەشێك لە كۆششەكانی كەمكردنەوەی گۆڕانكاری كەشوهەوا، سۆمەرز دەڵێ‌، "ناكرێ تایبەتمەندی ستراتیژی خۆمان بە فیرۆ بدەین، لە سەركردایەتی وزەدا پاشكشە بكەین".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین