یەكێتی ئەوروپا داوا دەكات توركیا بەرەیەكی دیاریكراو هەڵبژێرێت تورکیە

نوچەنێت

مارگرەیتس شیناس، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەروپا داوا لە توركیا دەكات، یا لەبەرەی یەكێتی ئەورووپا و ناتۆ بێت، یاخود لە بەرەی رووسیا و ئێران و حەماس و رووسیا و حزبوڵا بێت.

ئەمڕۆ هەینی (13/تشرینی یەكەم/ 2023) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاوی كردەوە، جێگری كۆمسیۆنی ئەوروپا لە كۆنفراسی رۆژهەڵاتی ناوەند و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە برۆكسل رایگەیاند، لە یەكەم چركەساتی دەستپێكردنی شەڕی فەڵەستین ــ ئیسرائیل هەموو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە ژمارەیان (27) وڵاتە مافیان بە ئیسرائیل دا بەرگری لە خۆی بكات و سەركۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستییەیان كرد و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە ئەوە تیرۆرە و هیچ پاساوێكی نییە.

سەبارەت بە هەڵوێستی توركیاش ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوە كرد، پێویستە توركیا لەم مێژووەی دەیەوێت خۆی یەكلا بكاتەوە ئایا لەگەڵ ئێمە و یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ و بەهاكان و ئەخلاقی رۆژئاوایە، یاخود لەگەڵ مۆسكۆ و تاران و حەماس و حزبوڵایە، پێویستە وڵامەكەی بۆ ئەمە زۆر روون بێت.

سەبارەت بە پێگەی توركیاش شیناس جەختی لەسەر ئەوە كردەوە توركیا هاوبەشێكی سەرەكیمانە بۆ سەقامگیری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەند، بەتایبەت لە بواری كۆچ و بازرگانی.

جێگری كۆمسیۆنی ئەوروپا رەخنەی لە ئەنقەرە گرت بەهۆی نەچوونە پاڵ وڵاتانی ئەوروپا لە سزادانی رووسیا.

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، حەماس تاكە بەرپرس نییە لە ئاڵۆزبوونی دۆخی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسرائیلی بە پشتگوێخستنی مافی فەڵسەتیینەكان تۆمەتباركرد، كە ئەوەشی بە هۆكاری ئەو ئاڵۆزییە دانا.

لە سەرەتای هەفتەی رابردوو چەكدارانی حەماس هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل تا ئێستا نزیكەی چوار هەزار كەس لە هەردوولا كوژرا و هەزاران كەسیش بریندار بوونە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین