ئەمڕۆ كۆنگرەی پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەست بەكارەكانی دەكات کوردستانی

نوچەنێت

بەبەشداری (600) ئەندام كۆنگرەی پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شاری سلێمانی دەست بەكارەكانی دەكات، بڕیارە لە دەستپێكی كردنەوەی كۆنگرە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان بەشداری بكەن، لە دەستپێكی كۆنگرەش سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێك پێشكەش دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (27/ئەیلوول/2023) بەبەشداری (600) ئەندام كۆنگرەی پێنجی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەست بەكارەكانی دەكات، لەو كۆنگرە پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بانگهێشت كراون.

لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەیەكی زۆر لە سەركردە دێرینەكانی ئەو حزبە بەهۆی نیگەرانیان لە شێوازی بەڕیوەچوونی كۆنگرە رایانگەیاندووە، بەشداری لەو كۆنگرەیە ناكەن.

دونێ سێشەممەش لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەیامێكدا ئاشكرای كرد، لێرە بەدواوە هیچ پەیوەندییەكی بەو حزبە نەماوە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لیستێكی سەربەخۆی دەبێت. 

پێشتریش مەلا بەختیار، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی بەشدارینەكردنی خۆی بەهۆی جێبەجێنەكردنی داواكانی راگەیاند.

ئەو كۆنگرەیە سێ رۆژ دەخایەنێت، تێیدا سەرۆكی ئە حزبە هەڵدەبژێردرێت، ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی ئەو حزبە كەم دەكرێتەوە و پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆی حزبەكەش هەموار دەكرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین