هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات کوردستانی

نوچەنێت

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پەیامێكدا كە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە بە فەرمی جیابوونەوەی خۆی لە یەكێتی راگەیاند و رایگەیاند لیستێكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان درووست دەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە (26/ئەیلوول/ 2023) لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دەڵێت، “ئاشکرایە سەرانی ئێستای یەکێتی بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی بەزۆر سەپێندراوی نایاسایی و ناپەیڕەوی و بە پێشلکردنی هەموو پرەنسیپ و ڕێکارە حیزبییەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو لێکترازانێکی گەورە و هەژانێکی ناوخۆیی بەرن کە هەرگیزاو هەرگیز لە مێژووی یەکێتیدا کۆنگرەیەکی لەم جۆرە ئەنجام نەدراوە، کە ‌‌حیزبەکە بەرەو لەناوچوون و وێرانبوونی زیاتر بەرێت."

لە بەشێكی دیكەی هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی هاتووە، “جێی خۆیەتی سوپاسی کاک مەلا بەختیار و هەڤاڵانی هاوڕێی بکەم لە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کە بە پەرۆشن بۆ یەکێتی و وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی خۆیان، بێدەنگ نەبوون لە ئاست مەترسییەکان و دید و ڕوانین و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ شکستەکانی یەکێتی لەسەر دەستی ئەم گرووپەی ئێستای یەکێتی و دوای بەستنی ئەم شانۆگەرییەی کۆنگرە خستەروو."

سەبارەت بە كۆنگرەی پێنجی یەكێتیشی لاهور شێخ جەنگی ئاماژە بەوە دەكات، “کۆنگرەیەک کە بێباکانە گوێ بە سەرکردە و خەباتی چەندین ساڵەی تێکۆشەرە ماندووەکانی نەدات و ئەزموون و پەرۆشییان بۆ داهاتووی حیزبەکە پەراوێز بخات، کۆنگرەیەک لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەکانی کەسوکاری شەهیدان و زۆرینەی ئەندام و کادیرەکانیدا نەبێت و گوێ بە نیگەرانییەکانیان نەدات، کۆنگرەیەک کە کەسانێک بەڕێگەی ناشەرعی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و بیانەوێت مەرامەکانی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و بە ویستی خۆیان و تاکڕەوانە ژمارەیەک ئەندامی دڵخوازی خۆیان لە لیستێکی چەند سەد کەسیدا پەلکێشی هۆڵی کۆنگرە بکەن بۆ چەپڵە لێدان."

لە هەشتی تەمووزی (2021) پافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تۆمەتی ژەهرخواركردنی لاهور شێخ جەنگی براكانی لە پۆستە ئەمنییەكان دوورخستەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین