سوپاسالاری ئێران: رێككەوتنەكەمان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەكراوە کوردستانی

نوچه‌نێت

لیوا محەمەد باقری سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، رێككەوتنی عێراق و ئێران بۆ چەككردنی گرووپە كوردییەكان جێبەجێ نەكراوە و ئەوان لەسەر داوای سەرۆك كۆماری ئێران چەند رۆژێكی تر چاوەڕوان دەبن.

ئەمڕۆ شەممە 23ی ئەیلوولی 2023 ئاژانسی هەواڵی فارس لێدوانێكی محەمەد باقری سوپاسالاری ئێرانی بڵاوكردووتتەوە كە رەخنە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران دەگرێت و پێیوایە هێشتا رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، باقری دەڵێ‌، "بڕیارەكە ئەوە بوو تەواوی ئەو گرووپانە لە 19ی ئەیلوول چەك بكرێن، بەڵام ئەوەی لەم شەش مانگە روویدا، تەنیا ئەوەیە هەندێك لە سنوورەكانمان دوور خراونەتەوە".

سوپاسالاری ئێران جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بڕگەی چەككردن دەكاتەوە و دەڵێ‌، "سەرۆك كۆماری ئێران گوتوویەتی دەبێت ئەو گرووپانە بە تەواوی لە هەرێمی كوردستان و عێراق نەمێنن و چەك بكرێن و بە تەواوی لە عێراق دەربكرێن، دەبێت تەواوی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكرێت كە لەنێوان هەر دوو سكرتێری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئێران واژۆ كراوە".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی سوپاسالاری ئێران باس لەوە دەكات هێزەكانی ئێران لەسەر داوای سەرۆكی ئێران چەند رۆژێكی تر دەوەستن و سەیری بارودۆخەكە دەكەن ئینجا بڕیار دەدەن.

پێشتر لەنێوان عێراق و ئێران رێككەوتنی ئەمنی كراوە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حزبەكانی رۆژهەڵات، لە 19ی ئەم مانگە وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كۆتایی هات. رێككەوتنەكە لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە، چەككردنی حزبەكانی رۆژهەڵات، دوورخستنەوەیان لە سنوورەكان، داخستنی كەمپەكانیان و گواستنەوەیان بۆ كەمپی تر لە قووڵایی هەرێمی كوردستان و عێراق، رادەستكردنی ئەو كەسانەی بە یاساكانی ئێران داواكراون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین