وەزارەتى ناوخۆ وادەى تۆمارکردنى چەکى بێ مۆڵەتى درێژکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە ئاگادارییەکدا، وادەى تۆمارکردنى چەکى بێ مۆڵەت درێژدەکاتەوە و دەڵێت، "دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن."

ئەمڕۆ یەکشەممە (30/تەمموز/2023) وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئاگادارییەکى بڵاوکردەوە سەبارەت بە تۆمارکردنى چەکى بێ مۆڵەتى هاووڵاتییان و تێیدا هاتووە، ئەوانەی "چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیيە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان" و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن و داوای مۆڵەت بکەن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

 

دەقى ئاگادارییەکەى وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنى چەکى مۆڵەت:

دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی (90) بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە (17) حەڤدە هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە ٢٢ی تەموزی (2023)، یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی (2022) کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی (12)، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە ٢ی ساڵی (2022)، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.

لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 12ی یاسای چەک هاتووە:

" هەرکەسێک لە ماوەی (60) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات"

لە ئێستادا هاوڵاتیان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.

لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.

بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (4) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:

یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.

دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو 60 رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.

هەروەها داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

30ی تەمووزی 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین