بەر لە هێرشەكەی ئێران عێراق دەكەوێتە جووڵەوە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای دەكات، بەر لەوەی ئێران زەبرێك لە هێزە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان لە هەرێمی كوردستان بوەشێنێ‌، عێراق كەوتووەتەخۆ بۆ ئەمەیش شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبووەتەوە، بۆ ئەوەی سنوورەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئایاری 2023 رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە چەند سەرچاوەیەكی كوردستانی و عێراقی ئاشكرای كردووە، عێراق لە چەند رۆژی رابردوودا كەوتووەتە جموجۆڵ بۆ ئەوەی رێگریی لە هێرشی ئێران بكات و سنوورەكان بە شێوەیەك كۆنتڕۆڵ بكات تا حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هیچ چالاكییەكی دژ بە ئێران ئەنجام بدەن.

رۆژنامەكە باس لەوە دەكات حزبە كوردییەكانی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆسییەكی ئاڵۆز دەبنەوە، لەوەی رێگری لە لایەنە كوردییەكان ئێران بكەن، تا چالاكی دژ بە ئێران ئەنجام بدەن، ئاڵۆزییەكەش تەنیا پەیوەندی بە پەیوەستبوونی نەتەوەیی نییە، بەڵكو پەیوەستە بە چەندان هۆكاری سیاسی تر.

دوای چەندان دانوستاندن حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ عەلی شەمخانی كە سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بوو، یاداشتێكی لە ئاداری رابردوو واژوو كردووە كە پەیوەندی بە دۆسیەی ئەمنی هەردوو وڵاتەوە هەیە.

ئەم هەفتەیەیش قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سەردانی ئێران كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێی دۆسیەی پارتە كوردییەكان بكات. عێراق دەیەوێ‌ بەر لەوە ئێران زەبرێكی تر بوەشێنێ‌، رێگری لەوە بكات كە پارتە كوردییەكان جموجۆڵ بكەن. رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لەسەر ئامادەكارییەكانی ئێران باس لەوە دەكات تۆپهاوێژەكانی ئێران رەوانەی سنووری هەرێمی كوردستان كراون. لە بەرانبەریشدا پاسەوانی سنووری عێراقی 30 تاوەری چاودێری لەسەر سنوورەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان داناوە.

ئێران داواكاری زیاتری هەیە

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، بەر لەوەی قاسم ئەعرەجی سەردانی ئێران بكات، لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی فەرمانی پێكراوە، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش كۆببێتەوە. بۆیە سەرەتا سەردانی هەولێری كردووە، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دواتر لە سلێمانی دیداری لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردووە.

دواتر لە ئێران لەگەڵ عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان سكرتێری نوێی لیژنەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەتەوە. سەرچاوەكان گوتوویانە ئەحمەدیان دڵنیایی لەلایەن بەرپرسە عێراقییەكان پێدراوە، بۆ پاراستنی سنوورەكان بەڵام ئێران زیاتر لەمە دەخوازێ‌ و دەیەوێ‌ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تەواوی لە هەرێمی كوردستان نەمێنن. سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئەو دۆسیەیە باس لەوە كراوە ئەوان بەڵێنیان داوە رێگەنەدەن هیچ گرووپێكی ئۆپۆزسیۆن بەرژوەندییەكانی ئێران بكەنە ئامانج.

لە ساڵانی رابردوو ئێران بە بیانووی جیاواز كە یەكێكییان بوونی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتە، بۆردومانی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان و دواجاریش لە 13ی ئاداری 2022 سوپای پاسدارانی ئێران 12 مووشەكی ئاراستەی هەولێر كرد بە پاساوی بوونی تۆڕێكی سەر بە ئیسرائیل، كەچی دواتر پەرلەمانی عێراق و حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمیش بە فەرمی بیانووەكەی ئێرانیان پووچەڵ كردەوە.

لە 21ی ئەم مانگە ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، لەسەر سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران تۆڕێكی سەر بە ئیسرائیلیان گرتووە. وێرای ئەوەی وەزیری "ئاسایش"ی ئێران هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەم تۆڕە نەدا، بەڵام جارێكی تر هۆشداری دایە بەرپرسانی هەرێم لەوەی سنوورەكان بپارێزن. جیا لەمە چەندان بەرپرسی تری ئێرانیش دەستیان بە هەڕەشەكردن لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین