پێكهاتەكانی مووسڵ رەخنە لە سوودانی دەگرن وەرگێڕان

نوچه‌نێت

چالاكوانانی مەسیحی و ئێزدی لە لێدوانەكانیان بۆ رۆژنامەی عالەم جەدیدی عێراقی، رەخنە لە سەردانەكەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ مووسڵ دەگرن و دەڵێن، هێندە پەیامەكەی سیاسی و حزبی بوو، ئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان نەبوو.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 رۆژنامەی “عالەم جەدید”ی عێراقی لە راپۆرتێكدا باس لەو رەخنانە دەكات لەسەر شێوازی سەردانەكەی دوێنێی سوودانی بۆ مووسڵ و دەشتی نەینەوا هەن. 

عالەم جەدید لەسەرەتای راپۆرتەكەی دەڵێ‌، "سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ پارێزگای مووسڵ و دیداری لەگەڵ خەڵكی مەسیحی و ئێزدی، مشتومڕی دروست كردووە، چالاكوانانی ئەم دوو پێكهاتەیە رەخنە لە سەردانەكە دەگرن و بە هەنگاوێكی دەزانن بۆ چاكتركردنی وێنەی سوودانی لە بەرانبەر رای گشتی نێودەوڵەتی، دووپاتیشی دەكەنەوە كە ئەم پێكهاتانە پێویستیان بە سەردانی پرۆتۆكۆلی نییە، كە سەرۆك وەزیران لە میانەی ئەو سەردانانە چاوی بە كەسانی حزبی دەكەوێت، بەڵكو خەڵكەكە پێویستی بە ئاوەدانكردنەوەی شارەكان و پاراستنی رۆڵەكانی هەیە، كە هەمیشە لەژێر مەترسی گرووپە چەكدارەكانن".

سەردانەكە پرۆتۆكۆلی بوو نەوەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بێت

راپۆرتەكە باس لەوەیش دەكات، چالاكوانانی مەسیحی و ئێزدی سەردانەكەی سوودانیان بە سەردانێكی سیاسی وەسف كردووە و پێیانوایە چارەسەری كێشەی ناوچەكە ناكات. مەنار خووری چالاكوانی مەسیحی لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەكە دەڵێ‌، "بارودۆخی مەسیحییەكان لە عێراق جا لە نەینەوا یانیش پارێزگاكانی تر بێت، ئاڵۆزە، بەشێك لە مەسیحییەكان كۆچیان كردووە یانیش بە هۆی داعشەوە لە 2014 وە ئاواران، كاتێك كەنیسە دەڵێ‌ مانگانە 20 خێزانی مەسیحی كۆچ دەكەن، ئەمە ژمارەیەكی ورد نییە، بەڵكو لە 30 خێزانیش زیاترە".

خووری دەڵێ‌، "حكومەت دەبێت لەسەر هۆكارە راستەقینەكانی كۆچی مەسیحییەكان بوەستێ‌، كە زۆرینەیان بەدوای شوێنێك دەگەڕێن تا بە دڵنیایی لێی بژین، كاتێك مەسیحییەك لەگەڵ كەسێكی تر دەكەوێتە كێشە ئەوا رووبەڕووی هێزە چەكدارەكان و عەشایەر دەبێتەوە، كە ئەوانە لە دەوڵەت بەهێزترن، بۆیە شتێك نییە مەسیحی بۆ مانەوەی لە وڵات خۆی پێ رابگرێت".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی ئەو چالاكوانە مەسیحییە دەڵێ‌، "هەموو سەرۆك حكومەتەكان دێن باسی گەلی یەكگرتوو دەكەن و دووپات لەسەر پاراستنی هەموو پێكهاتەكان دەكەنەوە، بەڵام ئێمە هەستمان بە هیچ شتێك لەم بابەتە نەكردووە، بۆیە ئەم جۆرە سەردانانە پرۆتۆكۆلین و  بۆ چاككردنی وێنەیانە لەبەرانبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. هەقیقەت پێچەوانەی ئەمەیە، چونكە تا ئێستا گوندە مەسیحیەكان وێرانن، تەنیا چەند گوندێكی سادە ئاوەدان كراونەتەوە، ئەویش بە كاری رێكخراوەكان نەوەك كۆششی حكومەت".

ئێزدییەكان چەندان كاتژمێر چاوەڕوانیان كرد سوودانیان نەبینی

هاوشێوەی مەنار، سیدۆ ئەحمەدی چالاكوانی ئێزدی لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی عالەم جەدید دەڵێ‌، "ئەو سەردانە رێكخرا بوو، ئامانجی حزبی و سیاسی بوو، دوور بوو لەوەی شتێك بە خەڵكی شنگال بدات و چارەسەری كێشەكانیان بكات، دەبووایە سوودانی سەردانی فرقەی 20ی قەزای شنگال بكات، كەچی بە داخەوە دوای چەندان كاتژمێری چاوەڕوانی نەگەیشت. بە ئێمەیان راگەیاند، لەگەڵ شاندێكی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان و كەسانی نزیك لە ئەنجومەنی رۆحانی دیداری كردووە، بێ گفتوگۆكردن لەسەر شنگال و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی".

ئەحمەدی دەڵێ‌، "سەردانەكە سەركەوتوو نەبوو، سوودانی چاوی بە خەڵكی شنگال نەكەوت و تاوتوێی شتێكی نەكرد تایبەت بێت بە پێكهاتەی ئێزدی".

دەشتی نەینەوا بە ناوچەیەكی فرە پێكهاتەیی دادەنرێت، مەسیحی و موسڵمان و كورد و ئێزدی و شەبەك لەو ناوچانە دەژین، لە ساڵی 2014 ئەم ناوچەیە كەوتە بەر هێرشی تیرۆریستانی داعش، ژمارەیەكی زۆر لە پێكهاتەی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانەوە رفێندران. تەواوی خەڵكەكەی تریش ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد. هەرچەندە لە ساڵی 2020 رێككەوتنی شنگال لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی كراوە، بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە بەڵام تا ئێستا زۆرینەی بڕگەكانی ئەم رێككەوتنە جێبەجێ نەكراون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین