ئایا  عێراق دەتوانێ‌ مووچەی فەرمانبەرانی زیاد بكات؟ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە عێراق باس لە گۆڕینی خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت، پەرلەمانتاران دووپات لەسەر ئەوە دەكەنەوە دەبێت ئەم بابەتە بە یاسایەكی تایبەت چارەسەر بكرێت و پێشبینیش دەكەن، بە هۆی بارودۆخی دارایی ئەمساڵەوە ئەم بابەتە بكەوێتە ساڵی داهاتووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی نیسانی 2023 چەند میدیایەكی عێراقی باسیان لە زیادكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق كردووە، پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابووری باس لەوە دەكەن، زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران بابەتێكە هەر دەبێت ئەنجام بدرێت، بە هۆی ئەوەی ئێستا هەڵاوسان هەیە و "نادادپەروەری لە خشتەی مووچەكان هەیە" بەڵام ئاخۆ ئەمساڵ دەتوانێ‌ ئەنجام بدرێت، ئەمە بابەتێكە كە مشتومڕی لەسەر دەكرێت.

زیادكردنی مووچە پێویستی بە 11 ترلیۆن دینارە

جیاواز لە ساڵانی رابردوو حكومەتی عێراق، ئەمجارە بودجەی سێ‌ ساڵی بە یەكەوە ئامادەكردووە (2023 و 2024 و 2025) لەم مانگەدا پەرلەمان هەر دوو خوێندنەوەی بۆ بودجەكە كردووە، بەڵام لەوە ناچێ‌ وەها زوو دەنگی پێبدرێت، چونكە دەگوترێت مشتومڕێكی زۆری لەسەرە و چاوەڕوان دەكرێت پەرلەمان ماوەی ئەم وەرزەی یاسادانانی درێژ بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ لەم وەرزەدا بودجەی گشتی ئەمساڵ پەسەند بكات.

بەگوێرەی ئەو رەشنووسەی بڵاوكراوەتەوە، قەبارەی گشتی بودجەكە بەم شێوەیەیە: 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە. نزیكەی 64 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەیە. بوونی ئەم بڕە زۆرە هۆكارێكە لەوەی كە شارەزایان پەرلەمانتاران پێشبینی ئەوە بكەن، پرۆژەی زيادكردنى مووچە سەركەوتوو نەبێت.

زیادكردنەكە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە

موزهیر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆكی حكومەتی عێراق لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی مەدای عێراقی لەسەر زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران دەڵێ‌، "كارنامەی حكومەتی ئێستا كار دەكات بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئاستی بژێوی چینە هەژارەكان و ئەو توێژانە بكات كە داهاتیان سنووردارە، جا لە فەرمانبەران یان لە خانەنشینان بێت، بۆیە چاككردنی مووچە یەكێك لە گرنگترین بنەما كۆمەڵایەتییەكان دەبێت". جارێكی تر لە لێدوانەكەی بۆ مەدا موزهیر محەمەد ساڵح دووپاتی دەكاتەوە حكومەتی عێراق رژدە لەسەر ئەوەی خشتەی مووچە چاك بكات.

ئەمڕۆیش لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی رووداو ئەو راوێژكاری سەرۆكی حكومەتی عێراق، باسی لەوە كردووە ئەگەر ئەو خشتەیە هەمواربكرێتەوە، ئەوا فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش لێی سوودمەند دەبن.

هەموو ئەو پەرلەمانتار و ئابووریناسانەی ئەمڕۆ دووپاتیان لەسەر گرنگی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران كردووە، لە هەمان كاتدا باسیان لەو ئاڵەنگارییانەش كردووە كە رووبەڕووی ئەم هەنگاوە دەبێتەوە، گرنگترینیان پەیوەندی بە بڕی ئەو پارەیە هەیە كە لە ئەنجامی زیادكردنی مووچە دەكەوێتە سەر بودجە.

راوێژكاری سوودانی لە لێدوانەكەی بەردەوام دەبێت و دەڵێ‌، "دانانی خشتەی نوێی مووچە، یاسایەكی سەربەخۆ دەبێت و لە بودجە جیا دەبێت، چونكە ئەو یاسایە لەكۆتایی ساڵی بودجە دەبێت". عودەی عەواد پەرلەمانتار لە لێدوانێكی بۆ مەدا دەڵێ‌، "تێچووی دارایی زیاكردنی مووچە لە فەرمانگەی بودجە خەملێندراوە، كە لە نێوان هەشت تا 11 ترلیۆن دینار دەبێت".

جەمال كۆچەر : پێشبینی دەكەم ئەم بابەتە بكەوێتە ساڵی داهاتوو

كەچی شارەزایانی ئابووری مەزندەی ئەوە دەكەن، بڕە پارەكە زۆر لەمە زیاتر بێت، سەلام سمێسم كە ژنە ئابووریناسێكی بەناوبانگی عێراقە پێیوایە ئێستا مەترسی هەیە بارودۆخی دارایی عێراق بەرەو داڕمان بچێت، چونكە بەهۆی دامەزراندنی نوێوە، ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ مووچە تەرخان كرا بوو لە 42 ترلیۆن دینارەوە بۆ 64 ترلیۆن بەرزبووەتەوە. ئەی چۆن حكومەتی عێراق ئەو جیاوازییە دەبێت دەكات كە لە مووچە دەكرێت".

سەلام زوبەیدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەڵێ‌، "كۆشێكی گەورە لە ناو پەرلەمان هەیە بۆ ئەوەی لەم قۆناغەدا خشتەی مووچەی فەرمانبەران چاكتر بكرێت".

وێرای دووپاتكردنەوە لەسەر گرنگی ئەو بابەتە، جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد و ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی مەدای عێراقی دەڵێ‌، "بەهۆی بەرزبوونەوەی بودجەی بەكارخستن لە ئەنجامی دامەزراندنی نوێوە، پێشبینی دەكرێت یاسای چاككردنی مووچە بكەوێتە ساڵی داهاتووەوە".

تا ئێستا هیچ زانیارییەكی پشتڕاستكردەوە لەسەر شێوازی چاككردنی مووچە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت دەبێت بە شێوەیەك بێت كەمترین مووچە 450 هەزار دینار بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین