سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م پيشه‌ييانه هەواڵ و‌ ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە یادى (125) ساڵەى ڕۆژنامەگەرىى کوردى لە پەیامێکدا دەڵێت، "له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه."

ئەمڕۆ شەممە (22/نیسان/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌."

 

دەقى په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديیدا:

يادى (125) ساڵه‌ى ڕۆژى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و (25) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نديكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان له ته‌واوى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم. سڵاو له‌ ياد و گيانى ميقداد ميدحه‌ت به‌درخان ـ ى پێشه‌نگ كه‌ يه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى (كوردستان)ى چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

له‌م ياده‌دا هه‌موو پشتيوانييه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى قه‌ڵه‌م و نووسين دووپات ده‌كه‌مه‌وه.‌ ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى،‌ بنه‌ما و كۆڵه‌گه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى زيندووى پێشكه‌وتووه،‌ پێويستييه‌كى له‌پێشى بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه‌، بۆيه‌ ده‌بێ پارێزگارى لێ بكرێت.

وشه‌ به‌رپرسياريه‌تييه‌، بۆيه‌ داوا له‌ ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌م به‌وپه‌ڕى ئه‌مانه‌ت و به‌رپرسياريه‌تييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وشه‌دا بكه‌ن و ئازاد و پيشه‌يى و ڕاستگۆيانه‌ هه‌واڵ و ڕووداوه‌كان بگوازنه‌وه‌. كار و ئه‌ركى خۆيان به‌ ڕێكوپێكى و له‌ چوارچێوه‌ى ئێتيكى ڕۆژنامه‌وانيدا جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ڕۆڵى دروستى خۆيان له‌ ده‌ستنيشانكردنى هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕييه‌كان و ڕاستكردنه‌وه‌يان بگێڕن.

سڵاو و دروود بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ سه‌رده‌مى خه‌بات و ئازاديدا گيانيان به‌خشى. ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

22ى نيسانى 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین