سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: جێگەی دڵخۆشییە وێڕاى ناکۆکيی سیاسی پرۆسەی يهكخستنەوهى پێشمەرگە نەوەستاوە
نوچەنێت:
ئەمڕۆ سێشەممە (چوارى نیسان/2023) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتيی هێزی پێشمەرگە، جه‌نه‌راڵ ماتيوو ماركفارلن فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عێراق و سووريا، ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی باڵاى سەربازی و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیێندرا.
سەرۆکى هێزەکانى پێشمەرگە لە رێوڕەسمەکەدا وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕاگەیاند،"ئەوەی جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، هۆشیارییەکی بەرز لەلای پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە دروست بووە، بۆ پێویستيی یەکبوونی پێشمەرگە. ئه‌وان نایانەوێت پرۆسەی يهكخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت، چونکە نایانەوێت هیچ ناوێکی سیاسی و حزبايهتییان لەسەر بێت. دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن، نەک پێشمەرگەی حزب، ئەمەش باوەڕی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پێشمەرگەیە."
دەقى وتارى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەى گشتیى هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە ڕێوڕەسمەكەدا:
میوانە بەڕێزەکان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ڕۆژتان باش…
به‌خێرهاتنان ده‌كه‌م بۆ ڕێوڕه‌سمى ڕاگەیاندنی هەنگاوێکی گرنگ لە پرۆسەی يهكخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە. ڕێگەم بدەن بە گەرمی به‌خێرهاتنێكى گه‌رم له به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ ماتيوو ماركفارلن، فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عێراق و سووريا بكه‌م كه لێره له‌گه‌ڵمان بەشدارە. بەخێرهاتنی كونسوڵی وڵاتانی دەرەوە دەكەم لە هەرێمی كوردستان، بەخێربێن بۆ ئەم ڕێوڕه‌سمه.
ئەمڕۆ لێرە زۆر بە خۆشحاڵييه‌وه دروستبوونی هەردوو فیرقەی (1) و (2)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕادەگەیه‌نین. پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم.
هەریەک لەم دوو فیرقەیە لە (4) لیوا و (1,200) پێشمەرگە پێکهاتوون، ئەمانەش بریتین لە لیوای هاوبەش و لیواکانی هێزی (70) و (80) کە پرۆسەی گواستنەوەیان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەستیپێکردووە. چاوەڕێین هەموو ڕێكاره‌كان زوو تەواو بکرێن.
ساڵی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازیی زاخۆدا، تەنیا یەک ئەفسەری مەسیحی هەبوو، داوام کرد کە دەبێ ڕێگە خۆش بکرێت بۆ بەشداريی هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەدا.
ئەمڕۆ زانیم ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەی مەسیحی و عەرەب و ئێزدی له‌ناو ئه‌م هێزانه‌دا هه‌ن كه مايه‌ى خۆشحاڵييه، به‌ڵام هێشتا کەمە. دەبێ هه‌وڵ بده‌ين و زياتر ڕێگە خۆش بکەین بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان تا لە هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەشدار بن. لێرەدا جارێکی ديكه پێداگری لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پێشمەرگە وەک هەمیشە هێزی هەموو گەلی کوردستانە بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە.
بۆيه هه‌موو تواناكمان ده‌خه‌ينه گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و توانا سه‌ربازييه‌كانى له هه‌موو ڕوويهكهوه به‌هێزتر بكه‌ين. هه‌موو پێدويستييهكانيان دابين بكرێن و باش‌ترين مه‌شق و ڕاهێنانيان هه‌بێت. له‌ڕووى په‌روه‌رده و پرهنسيپهوه، به گيانى نيشتمانپهروهرى و سه‌ربازيى سهردهميانهوه، وه‌ك هێزێكى نيشتمانى، گۆش بكرێن.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ڕاگەیاندنی ئەم دوو فیرقە هاوبەشە، بەشێکە لە پرۆسەی یەکخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمەرگە لە هەیکەلییەتێکی سەردەمیانەدا. یەکێکە لە ئامانجەکانی سەرۆکایەتيی هەرێمی کوردستان و بەشێکی هەرە گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێمه له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامين له هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و ناكۆكييه سياسييه‌كان. جێگەی دڵخۆشییە كه وێڕاى ناکۆکيی سیاسی، پرۆسەی يهكخستن و ڕێکخستنەوه‌ى پێشمەرگە، نەوەستاوە. هه‌ندێ هه‌نگاوى باش چووه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام بێگومان چاوەڕێی زیاترین و به‌رده‌وام دەبێ كارى له‌سه‌ر بكه‌ين.
تا ئێستا هەردوو هێزی پشتیوانيی (1) و پشتیوانیی (2)، هەروەها (20) لیوای هەردوو یەکەی (70) و (80) بە تەواوه‌تی خراونەته‌وە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. (2) لیوای هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق دروستکراون بۆ ناوچە كێشه‌لەسەرەکان و بودجەی پێویستیان لە پرۆژەياسای بودجەی فیدراڵیی عێراقدا بۆ تەرخان کراوە. دوای پەسەندکردنی، ئەوانیش دەستبەکار دەبن.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە، هۆشیارییەکی بەرز لەلای پێشمەرگە و ئەفسەر و فەرماندەکانی پێشمەرگە دروست بووە، بۆ پێویستيی یەکبوونی پێشمەرگە. ئه‌وان نایانەوێت پرۆسەی يهكخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بوەستێت، چونکە نایانەوێت هیچ ناوێکی سیاسی و حزبايهتییان لەسەر بێت. دەیانەوێت پێشمەرگەی کوردستان بن، نەک پێشمەرگەی حزب، ئەمەش باوەڕی ڕەسەن و ڕاستەقینەی پێشمەرگەیە.
پێشمەرگە لە ڕۆژی يهكهمهوه بۆ پاراستنی کوردستان و بەدیهێنانی ئازادی دروست بووە. عەقیدەی پێشمەرگە بریتی بووە لە کوردستان و ئازادی. باوەڕی پێشمەرگە پاراستنی کوردستان و به‌ديهێنانى ئازادی بووە بۆ گەلی کوردستان و هەموو پێكهاتەكانی.
پێشمەرگە قارەمانەکان،
کوردستانیانی خۆشەویست…
هه‌موو گەلی کوردستان و هاوپەیمانان پشتیوانییەکی زۆر گەورە له پرۆسەی يهكخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە ده‌كه‌ن، ئەوەش زۆر گرنگە. ساڵی ڕابردوو یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە نوێ کرایەوە. هەروەها پشتیوانيی بەردەوامی ئەمه‌ریکا و هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لە ڕابردوودا زۆر گرنگ بووە، لە داهاتووشدا زۆر پێویستە.
بە سوپاسێکی یەكجار زۆرەوە، بەڕێز لۆید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمه‌ریکا لە کاتی سەردانى مانگى ڕابردوويدا بۆ به‌غدا و هه‌ولێر، زۆر بە ڕوونی نیاز و بڕیاری ئەمه‌ریکای پێڕاگەیاندین بۆ درێژەدان لە پشتیوانیی پێشمەرگە وەک هاوبەشێکی سه‌ره‌كيى هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمه‌ریکا یارمەتيی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە دەدات.
زۆر سوپاسی پشتیوانيی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانيی نێوده‌وڵه‌تيى بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکەین بۆ پشتیوانيی بەردەوامیان لە پێشمەرگە و پێیان دەڵێین: تيرۆر هێشتا مهترسييهكى ڕاستهقينهيه لە عێراق، بۆيه پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانيی ئێوەیە بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش. لەم ڕێگەیەدا پێكه‌وه دەستمان پێكردووە و دەبێت پێكه‌وه تەواوی بكەین. ئێمه هێشتا له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، ئه‌ركمان ته‌واو نه‌بووه و كارى هاوبه‌شمان ماوه پێكه‌وه بيكه‌ين.
هەروەها دەمەوێ سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژيی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و به‌رده‌واميى هاوکارییان بۆ پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە. پشتیوانيی هەموو ئەو وڵاتانە كە لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ ئێمە بەشدارن بێ ئەوەی ناویان بهێنم، جێگەی سوپاسێکی زۆرە لەلایەن هەموو گەلی کوردستانەوە.
ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە زۆر گرنگە بۆ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان كه به ئازايه‌تى و به قارەمانیه‌تيی پێشمەرگه، بەدەست هاتووە. پێشمەرگە بە ئازایەتی و به ڕاگرتنی هێرشی دڕندانە و بەربڵاوی داعش و تێکشکاندنی ئەفسانه‌كه‌ى، ئەو پشتیوانیيە نێودەوڵەتییەی بەدەستهێناوە.
پێشمەرگە بە هاوکاريی هاوپەیمانان و بەشداريی سوپای عێراق و حه‌شدى شه‌عبى، مەترسيی داعشيان نەهێشت كه گەورەترین هەڕەشە بوو لەسەر ژیانی هاوچەرخ و ئازاد لە ناوچەکە و هەموو جیهاندا. پێشمەرگە بە قارەمانیه‌تيی خۆی، سەلماندی كه شایانی خۆشەیستيی گەلانی جیهان و شايسته‌ى هه‌موو پشتیوانييهكه.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ، نیشانه‌ى ئه‌وه‌يه کە پێداگیرییەکی زۆر هەیە لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی و يهكخستن و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە. ئەوە داوا و ئامانجێکی زۆر ڕەوای خەڵکی کوردستانە و ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت.
بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵاتی دامەزراوەیی بچەسپێنین و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەهێز بکەین، بۆ ئەوەی ئازادییە گشتییەکان و ئەو سەقامگیريیە ئەمنییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە بپارێزین، بۆ ئەوەی دڵنیایيى تەواو بدەینە هاووڵاتيان، بۆ ئەوەی پشتیوانيی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە بەردەوام بێت، دەبێ پێشمەرگە بکەینە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی.
پێشمەرگە شیرنترین ناوە لەلای گەلی کوردستان. لەڕووی زمان و واتاوه، وشەیەکە، پڕ لە جوانی و گەورەیى. مێژووی هاوچەرخی ئێمە و دەستکەوتەکانمان، بەرهەمی خەبات و خۆڕاگریی پێشمەرگەیە. لە هەموو قۆناغەكاندا، پێشمەرگە ئەگەر لە چەند سەنگەری جیاوازیشدا بووبن، يه‌ك ئامانجی هاوبەشیان هه‌بووه، ئه‌ويش ڕزگاريی کوردستان و ئازاديی کوردستانە. پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر له پێكهاته‌ى ئيداريشدا جيا بووبێت، له خه‌بات و ئامانجدا هاوبه‌شه، وه‌ك چۆن له شه‌ڕى دژى داعشدا ئه‌م ڕاستييه بۆ هەموو گەلی كوردستان سەلمێنرا.
بە دامەزراوەییکردن و یەکخستنەوەيان، باشترین ڕێزگرتنە لە ناوبانگ و قارەمانیه‌تيی پێشمەرگە و دەبێت ئەوە جێبەجێ بكرێت. دەبێ بەرگی حزبایەتی بە تەواوه‌تی لەسەر پێشمەرگە لابدرێت بۆ ئەوەی باوەڕ و ناسنامەی ڕاستەقینەی، بە تەواوه‌تی دەربکەوێت کە ناسنامەی نیشتمانییە.
یەکخستن و پێشکەوتنی پێشمەرگە سوودێکی زۆری هەیە بۆ عێراق بەگشتی. لە پرۆسه‌ى ئازاديى عێراقدا، ئەمە بە تەواوی دەرکەوت. هەروەها لە کاتی شەڕی داعشيشدا، جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەرکەوتەوە، بەتایبەتی کە پێشمەرگە پارێزگای کەرکووک و بەشێکی زۆری پارێزگای دیالە و سەلاحەدینی لە هێرش و وێرانکاریی داعش پاراست، هه‌روه‌ها هاوبەش و هاوکاری سەرەکى بوو له ڕزگارکردنی مووسڵدا.
سەروەريی عێراق هاوبەشە و پێشمەرگە دەتوانێت بەشدارێکی سەرەکی بێت لە پاراستنيدا، چونکە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق. بۆيه ده‌بێ عێراق له پشتگيرى و گرنگيدان به توانا سه‌ربازييه‌كانى پێشمه‌رگه و دابينكردنى پێداويستييه‌كانى، ئه‌ركى خۆى بە تەواوەتی جێبه‌جێ بكات.
ئامادەبووانی بەڕێز..
دواى لێكه‌وته‌كانى بڕيارى ده‌سته‌ى ناوبژيوانى له پاريس ده‌رباره‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ ئێمە پێمان وايه ئەو بڕیارە دەرفەتێکى باشە بۆ ئەوەی هه‌ولێر و به‌غدا چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ کێشەی نەوت دابنێن. بڕياره‌كه مافى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانى له دۆسيه‌ى نه‌وتدا سه‌لماندووه، بۆیە ئێستا هەموومان دەتوانین باشتر بگه‌ينه چارەسەرێك كه هه‌مووان تيايدا براوه بن.
دوای په‌سه‌ندكردنى دەستوور، ئێمە به‌رده‌وام داوای دەرچوونی یاسای نەوت و گازمان كردووه، چونکە تەنیا ئەم یاسایە دەتوانێت مادەی (١١٢)ی دەستوور بە باشی ڕێکبخات. ئێستاش داوا دەکەین ئەو فیدراڵییەی لە دەستووری عێراقدا هه‌يه، بخرێتە ناو یاساکانی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق، بۆ ئەوەی بەڕێوەبردنی وڵات لە ناوەندییەوە بە کردەوە ببێتە فیدراڵی.
ئێمە بەشێکی سەرەکین لە حکوومەتی ئێستای عێراق. بەپێى ڕێككه‌وتنى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى فيدراڵى، ئێمە هه‌موو پشتگيرييهك لە سەرۆک وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و كارنامه‌ى حكوومه‌تەكەی دەکەین. لە گفتوگۆی نێوانماندا واقعبینی و ويستى زۆرى بۆ چارەسەر نیشانداوە. ئەم تێڕوانینەی ئه‌و، وایکردووە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پشتیوانیی بەڕێزیان بكەین.
له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لێکگەیشتنی باشیان هەیە، هاتووچۆیەکی باشی شاندەکان هەیە بۆ چارەسەركردنی کێشەکان. هەروەها وەزیرانی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵ كاراترن و لەسەر کێشەی نەوتیش توانیویانە گفتوگۆی زۆر باش پێکەوە بکەن.
ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر ڕێگەیەکی ڕاستن، بەڕێز سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ سەردانی بەغدا دەكات بۆ ئەوەی چارەسەرێکی باش هەبێت بۆ کێشەی نەوت. پێمان وايه باش‌ترين چارەسەر، چارەسەری ناوخۆى عێراقيانهيه. گەشبینم کە بگەینە ڕێککەوتن. ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، دەرگا بۆ چارەسەركردنی زۆر کێشەی دیکە دەکاتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەنديی وڵات و هەموو پێکهاتەکانيدايه.
هیوادارین لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا هەموو لایەک بە دڵێکی پاکەوە بەدوای چارەسەردا بگەڕێن بۆ هەموو کێشەکان. ئێمە ئامادەین بۆ هەموو هاوکاری و لێکگەیشتن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق. چارەسەری کێشەی نەوت و پەسەندکردنی بودجە، هەواڵێکی زۆر خۆش دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
دووبارە پێکهێنانی هەردوو فیرقەی (1) و (2) لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلی کوردستان پیرۆز دەکەم، بە هیوای یەکخستنی هەموو پێشمەرگەی کوردستان لە داهاتوودا و زۆر سوپاس بۆ بەشداریی هەموولایەكتان.
بەخێر بێن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment