مەسرور بارزانی داوا لە قوباد تاڵەبانی و وەزیرەكانی یەكێتی دەكات دوای نەورۆز بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكان کوردستانی

نوچه‌نێت

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی نەورۆز پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاودەكاتەوە و تێیدا داوایش لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی دەكات دوای تەواوبوونی پشووەكانی نەورۆز بگەڕێنەوە ناو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی ئاداری 2023  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز سەری ساڵی كوردی پەیامێكی بڵاوكردووتەوە و تێیدا دەڵێ‌، "بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن".

لە بەشێكی تری پەیامەكە هاتووە "، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پێویستی دەزانێ‌ نەورۆز ببێتە هۆی یەكگرتن و یەكڕیزی بۆیە داوا لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە كۆبوونەوەكان، مەسرور بارزانی دەڵێ‌، "، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز ، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران".

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم:

بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن. لە هەمانکاتدا، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.
جەژنی نەورۆز هێمای یەکگرتن و یەکڕیزی و سەرکەوتن و ئازادی گەلی کوردستانە. لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان . هەر بەم بۆنەیەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی کەشێکی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز ، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی ، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە ، کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەژنی نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە لە ئارامی و گەشانەوە و پێشکەوتندا بێت . 
مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین