سەرۆك بارزانی نهێنییەكانی دەستپێكردنی روخاندنی رژێمی بەعس ئاشكرا دەكات کوردستانی

نوچەنێت

لە (19)ی ئاداری (2003) سوپای هاوپەیمانی نێوەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا هێرشیان كردە سەر رژێمی بەعس و كۆتایی بە حكومی (35) ساڵەی رژێمی بەعس هێنا، كە تا ئێستاش لێكەوتەكانی بەسەر عێراقەوە بەردەوامە، سەرۆك مەسعوود بارزانی لە كۆمەڵێك زانیاری لەسەر سەرەتاكانی روخاندنی ئەو رژێمە ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە (19/ئادار/2023) رۆژنامەی (شەرقوئەوسەت) دیدارێكی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەنجام داوە، لەو دیدارە تیشك دەخاتە سەر سەرەتاكانی دەستپێكردنی پڕۆسەی ئازادی عێراق، لە بەشێكی ئەو دیدارە ئاماژە بەوە دەكات، لە مانگی شوباتی (2002) شاندێكی ئەمەریكا لە (سی ئای ئەی) سەردانی كوردستانیان كرد، شاندەكە بڕیاری رووخاندنی رژێمی عێراق بە سەركردەكانی كورد دەگەیێنن و بە پێویستی دەزانن كورد رۆڵی گەورەی لەو پڕۆسەیە ببێ، بانگهێشتی سەركردایەتی كوردیش بۆ واشنتن دەكەن.

سەبارەت بە داواكاریییەكانی كورد لە ئەمەریكا، سەرۆك بارزانی ئاماژە بەوە دەكات، كورد مەرجیان لەگەڵ ئەمەریكییەكان ئەوە بووە، پێویستە دەسەڵاتی جێگرەوەی سەدام حوسێن سیستەمێكی فیدڕاڵی بێت و رێزی مافەكانی كورد بگرێت.

لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆك بارزانی باس لە داواكاری كورد دەكات و دەڵێت، بە شاندەكەمان گوت، دەبێت ئەمەریكا گرەنتی مافەكانی كورد بكات، بە وڵاتانی دراوسێ رابگەیێنێت، كە كورد نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ كەس و لایەنێك.

دەربارەی هەڵوێستی ئێران، سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، دژبە یەكییەكانی ناو كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە لەندەن وایكرد سەردانی تاران بكەم و لەگەڵ هاشمی رەفسنجانی، سەرۆكی ئەو كاتەی ئێران كۆببمەوە، چونكە زۆر بە گرنگم دەزانی هەڵوێستی ئێران بزانم، نەك تەنیا لەسەر بابەتی جەنگی ئەمەریكا، بەڵكو لەسەر چۆنیەتی بونیادنانەوەی عێراقێكی فیدڕاڵ، ئەوەش واتا: چوارچێوەیەكی دەستووری بۆ هەرێمی كوردستان، رەفسنجانی كەسێكی واقیعی بوو، رەچاوی هاوسەنگی هێز و بەرژەوەندی وڵاتەكەی دەكرد، سەبارەت بە روخاندنی سەدام گوتی، ئێمە خۆشحاڵین بە روخانی ئەو رژێمە روخاندنی سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام ئێمە ناتوانین بە ئاشكرا پاڵپشتی پڕۆسەی روخاندنەكە بكەین، بەڵام رەفسنجانی پاڵپشتی دروستكردنی عێراقێكی فیدراڵی كرد، كە ئەوەش بەشێكی زۆر گرنگی ئەو گفتوگۆیە بوو بۆ ئێمە.

سەبارەت روخاندنی ئەو رژێمەش دەڵێت، سەرەڕای چەندین ئاگاربەست و رێككەوتن لەگەڵی، بەڵام رووخانی ئەو رژێمە خەونی سەرۆك بارزانی بووە.

سەرۆك بارزانی سەبارەت بە روخاندنی ئەو رژێمە ئاسوودە بووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، ئەوەی لێی ترساوە، ئەو بۆشاییە بوو كە دەركردنی سەدام لەو هاوكێشەیە دروستی دەكرد،  كە چەندین ساڵ بوو ببڕەی پشتی ئەو دەسەڵاتە بووە، ئەگەری بەهێز ئەوە بوو عێراق لەدوای روخاندنی رژمێی سەدام نقومی تۆڵەكردنەوەی خوێناوی رابردوو دەبێت، پێكدادانی نێوان نێوان شیعە و سوننە، نێوان كورد و عەرەب، هەروەها لە لایەكی تریشەوە وڵاتانی ناوچەكە عێراق عێراق بكەنە شوێنی ململانێی كۆن و نوێیان.

دەربارەی كاتی روخانی ئەو رژێمەش سەرۆك بارزانی دەڵێت، ئەو ئایەتەم بیركەوتەوە، قل اللهم مالك الملك تؤتی الملك من تشا‌ء وتنـزع الملك ممن تشا‌ء وتعز من تشا‌ء وتذل من تشا‌ء بیدك الخیر إنك على كل شی‌ء قدیر.

لە هەمان كات ئەو رۆژەم بیركەوتەوە كە لە (1958) منداڵ بووم چووم بۆ كۆشكی ریحاب، لە شوێنێك نوسرابوو، "ستەم بەردەوام نابێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین