سەرۆک بارزانى: تاوەکو شەرعیەت لەهەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى پێشوازى لە باڵیۆز و نوێنەرى وڵاتانى جیهان کرد و لە بارەى پەیوەندیى هەولیر-بەغدا ڕایگەیاند، "دەرفەتێكی باش بۆچارەسەركردنی كێشەكان لەئارا دایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت."

ئەمڕۆ شەممە (18/ئادار/2018) سەرۆك مەسعود بارزانی، لە سەلاحەددین میوانداریی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و نیوەڕۆخوانێكی بۆ ساز كردن.

بارەگاى بارزانى لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەرۆك بارزانی لە گوتەیەکدا بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هێما و مانا و بۆنەكانی مانگی ئادار و نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هیوای ئەوەی بۆ خواستن كە لە ڕۆژانی جەژن و پشوودا كاتێكی خۆشیان لە كوردستان هەبێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەولێر- بەغدا، سەرۆک بارزانى ئاماژەى بەوەکرد، "دەرفەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەئارا دایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستوور و لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە."

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە سەردانی محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی "باش بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەقەڵەم دا"، گوتیشى، "بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت."

هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند، "كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان"، پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان دووپاتيكردەوە “كە نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراوە بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت. دەبێ ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی "وەڵامی تێبینی و پرسیاری دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایەوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین