سەرۆک بارزانى: ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازار بڕوابەخۆبوونی لە ناخی تاكی كوردستانی بەهێزتر كرد کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى، لە یادى ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازارى (1970) لە پەیامێکدا دەڵێت، "ڕژێمی ئەو كاتی عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت."

ئەمڕۆ شەممە (11/ئادار/2023) سەرۆک مەسعود بارزانى، بە بۆنەى (53) ساڵەى ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازار  لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و جەماوەر و سەرجەم چینوتوێژ و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو، پێناسە و بوونی گەلی كوردستانی لەناو دەوڵەتی عێراق بردە قۆناغێكی بەرزتر و بڕوابەخۆبوونی لە ناخی تاكی كوردستانی بەهێزتر كرد."

 

دەقی پەیامەکەى سەرۆك مەسعود بارزانی لە یادى ڕێککەوتننامەى (11)ى ئازاردا:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار یەكێكە لە دەستكەوتە بەهادارەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان. گرنگیی ئەو ڕووداوە مێژوویە لەوەدایە كە لە ئەنجامی خەبات و شۆڕشی گەلی كوردستان و پارتی بە ڕابەرایەتیی بارزانی، ڕژێمی ئەو كاتی عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت. ئەو مافانەی كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق نكۆڵی لێدەكرا و زەوتكرابوو.

ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و جەماوەر و سەرجەم چینوتوێژ و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو، پێناسە و بوونی گەلی كوردستانی لەناو دەوڵەتی عێراق بردە قۆناغێكی بەرزتر و بڕوابەخۆبوونی لە ناخی تاكی كوردستانی بەهێزتر كرد. ئەگەرچی ڕژێمی عێراق پشتی كردە مافەكانی خەڵكی كوردستان و ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداری پێشێل كرد، بەڵام ئەو دەستكەوتە دەروازەیەك بوو بۆ قۆناغ و هەنگاوی گەورەتری خەباتی گەلەكەمان و بەدیهێنانی دەستكەوت و سەركەوتنی زیاتر.

لە پەنجا و سێیەمین ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاردا وێڕای ئەوەی جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە، ئەوەش بە بیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە گەلی كوردستان لەژێر هیچ بارودۆخ و گوشارێكدا پاشەكشە لە ماف و ئازادی و دەستكەوتەكانی ناكات.

مسعود بارزانی

11ی ئاداری 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین