سەرۆک بارزانى لە یادى راپەڕیندا: قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێ بەهێز بكرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک مەسعود لە یادى (32) ساڵەى راپەڕێن پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ڕاپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان ئازاد بێ و ژیانێكی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت."

ئەمڕۆ یەکشەممە (پێنجى/ئادار/2023) سەرۆک بارزانى لە پەیامێکدا بە بۆنەى یادى (32) هەمین ساڵیادى راپەڕێن پیرۆزبایی لە خەڵکى کوردستان دەکات و دەڵێت، "ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند كە ستەمكاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی كوردستان خامۆش بكات."

 

دەقى پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و پلان و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هاتە دی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند كە ستەمكاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی كوردستان خامۆش بكات. ڕاپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان ئازاد بێ و ژیانێكی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت.

لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان دەنێرین و جەختیش لەوە دەكەینەوە، قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە. ئەو دەستكەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بكرێت و نابێ بە هیچ شێوەیەك كار بۆ لاوازكردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بكرێ كە گەلی كوردستان لەپێناویدا ڕاپەڕینی کرد.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین